ئەو ئیمپراتۆریەتەی بەهۆی دەستدرێژی سێكسی‌و تیرۆر دروست بوو

جیهان

01/04/2019‌ 4885 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكاتی مردنی هەردوو براكەیدا (ئەسكەندەری دووەم) و (بیردیكاسی سێیەم) لە ساڵی 359 پ.ز، فیلیبی دووەم پارێزەرێكی لەسەر كورسی دەسەڵات دانا بە هۆی بچووكی تەمەنی و میراتی یاسایی پاشا ئەمینتاسی چوارەم، كوڕی بیردیكاسی سێیەم، كە تەمەنی شەش ساڵان بوو لەو كاتەدا، لە ماوەی هەمان ئەو ساڵەدا، فیلیپی دووەم بابەتەكەی قۆستەوەو كوڕی براكەی لە دەسەڵات لاداو خۆی فەرمانڕەوایەتی مەكدۆنیای گرتە دەست بۆ ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ.

لەو ماوەیەی فیلیپ لەسەر دەسەڵات بوو لە نێوان 359 – 336 پ.ز، ناوبراو دەستكەوتی سەربازی زۆری بەدەست هێنا و مەكدۆنیای كردە هێزێكی هەرێمایەتی گرنگ، هەر لەسەرەتاوە چاكسازی لە سوپادا دەست پێكرد و رمی ساریسای درێژی كردە خزمەتەوەو پشتی بە پێكهاتەی سەلامەتی تەكتیكاتی جەنگی دەبەست، وای دەكرد رووبەرووی تیپی پیادەو سوارەی دوژمن ببێتەوە بەو پەڕی كاریگەریەوە.

پاش سەركەوتنی چاكسازییە سەربازییەكانی، سیاسەتی فراوانخوازی پەیرەو كردو دەستی بەسەر زۆربەی ناوچە كۆنەكانی یۆناندا گرت لە كۆتاییدا رووبەرووی شارە سەرەكیەكان بوەوە، لە نێویاندا (ئەسینا و تیبە)، و لە ساڵی 338 پ.ز و لە جەنگی (خیرۆنا) دا بەسەر تیبەدا سەركەوت، بەمەش هاوپەیمانی كۆرنسەی دروست كرد، تەنها سپارتەی تێدا نەبوو، لە كاتی ئەو جەنگانەدا فیلیپی دووەم چەندین جار بریندار كرا و دیارترینیان چاوی بوو، بەهۆیەوە نازناوی فیلیپی كوێری لێنرا.

لە میانی هاوپەیمانی كۆرنسەوە، فیلیپی دووەم روەو یەكخستنی رەگەزی مەكدۆنی و یۆنانی هەنگاوی نا، بۆ ئەوەی ئەم بابەتە بقۆزێتەوەو لە هەنگاوی داهاتویدا كۆتایی بە ئیمپراتۆریەتی فارسی بهێنێ، دیارە ئەوەی فیلیپ دەیوست بەدەستی نەهێناو لە ساڵی 336 پ.ز تیرۆر كرا بەرزە فڕیەكانی نەهاتنە دی و پاش خۆی ئەشكەندەری كوڕی بەردەوامی بەو پرۆسەیەدا.

لەمانگی ئۆكتۆبەری ساڵی 336 پ.ز، فیلیپی دووەم لەسەر تەختەی شانۆ بوو، ئامادەبوو لە ئاهەنگی گواستنەوەی كچەكەیدا (كیلۆپاترای مەكدۆنی) بۆ پاشای ئیبرۆس (ئەلیكسەندەری یەكەم)، لەكاتی رۆشتنی لەسەر تەختەی شانۆكە، (پاوسانیاسی ئۆریستیسی) یەكێك لە پاسەوانە تایبەتەكانی لێی نزیك بوەوە و خەنجەرێكی لێدا و پێش ئەوەی لەوێ رابكات سەبازەكان گرتیان و لەو شوێنەدا كوشتیانەوە.

بەگوێرەی بۆچونی ژمارەیەك لە فەیلەسوف و مێژوونووسە گریكەكانی لە نمونەی ئەرستۆ و پلوتارخ و دیودوری سەقەلی، پاوسانیاس بە ئەنقەست فیلیپی تیرۆر كردووە بەهۆی سوكایەتی پێكردنیەوە لەلایەن (ئەتالۆس)ی مامی كیلوپاترای ژنی حەوتەمی فیلیپەوە پێی كرابوو، لە كاتی یەكێك لە ئاهەنگەكاندا، ئەتالۆس فەرمانی بەسەربازەكانی كرد بەزۆر سێكس لە گەل پاوسانیاسدا بكەن، ئەمیش لای فیلیپ سكاڵای كرد، كەچی وەڵامی سكالاكەی نەدایەوەو چاوپۆشی لە مامی هاوژینەكەی كردو پلەی ئەمیشی بەرز كردەوە، بۆیە پاوسانیاس پلانی دانا بۆ ئەوەی تۆڵە لە پاشا بكاتەوە.

لەهەمان كاتدا هەندێ لە مێژوونووسانی تر، پێیان وایە ئەسكەندەری كوڕی و دایكی (ئۆلۆمپیاس) ژنی چوارەمی فیلیپ تێوەگلاوە لە پرۆسەی تیرۆر كردنەكەدا، بەوەی ژنی فیلیپ ویستویەتی كورسی دەسەڵات بۆ كوڕەكەی مسۆگەربكات. 

لەكاتی وەرگرتنی دەسەڵاتیش لەلایەن ئەسكەندەرەوە كوڕەكانی كیلۆپاترای لە سێدارەدا و ئەتالۆسیش بە فەرمانی ئەو كوژرا، لە هەمان كاتدا سەرچاوەكان ئەوە دووپات دەكەنەوە پاوسانیاس رێ و رەسمی فەرمی بۆ سازكراوەو رێزی لێگیراوە لەسەر راسپاردەی ئۆلمپیاس.

لەكاتی وەرگرتنی كورسی دەسەڵاتدا، ئەسكەندەر لەسەر بەرزەفڕیەكانی باوكی بەردەوام بوو، لە ساڵی 330 پ.ز توانی كۆتایی بە ئیمپراتۆریەتی فارسی بهێنی و گەورەترین ئێمپراتۆریەت لە مێژوودا دابمەزرێنێ، بە شێوەیەك ئەو زەمینەی لە ژێر دەسەلاتیدا بوو لە نێوان دەریای ئەدریاتیكی لە ئەوروپاوە درێژ دەبوەوە بر رووباری سیند لە هیندستان.

وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
سەرچاوە: العربیە
Sky news

بەپەلە