پەیوەندی كێشی زیادەو شێرپەنجەی كۆئەندامی هەرس

تەندروستی

07/04/2019‌ 830 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی لێكۆڵینەوەیەكی نوێ ئەو كەسانەی، كە لەژێر تەمەنی 50 ساڵییەوەن و زیادە كێشیان هەیە، زیاتر لە مەترسی تووشبوون بەشێرپەنجەی كۆئەندامی هەرس (پەنكریاس) دان.

ئەو تێگەیشتنەی لێكۆڵەران لەكاتێكدایە، كێشی زیادە دەتوانێت هۆكاری مەترسی مردن بەهۆی شێرپەنجەی كۆئەندامی هەرسەوە، زیاتر بكات.

ڤاریك جاكۆبسێن سەرپەرەشتیاری تیمی لێكۆڵینەوە لە ئەنجومەنی شێرپەنجەی ئەمریكا دەڵێت: ڕێژەی تووشبوون بەشێرپەجەی كۆئەندامی هەرس هەر لە سەرەتاكانی دەیەی 2000ەوە بەشێوازێكی بەردەوام لەزیادبووندایە.

هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی لێكۆڵەران، شێرپەنجەی كۆئەندامی هەرس لەو نەخۆشییە كوشندانە بەئەژمار دێت، كە ئەگەری مانەوەی تووشبوانی 5 ساڵ و بەڕێژەی لە 8.5%ە.

لەو  توێژینەوەدا لێكۆڵەران داتای 963.317 كەسی ئەمریكییان بەبێ ئەزموونی پێشووتری شێرپەنجە لێكدانەوە بۆ كرد و تەواوی بەشداربووان لە دەستپێكی لێكۆڵینەوەكەدا كێش و باڵایان دیاری كرا.

لەئەنجامدا پاش بەدواداچوون دەركەوت 8354 بەشداربوو بەهۆی شێرپەنجەی كۆئەندامی هەرسەوە گیانیان لەدەستدا، كە بەشێكی زۆری ئەم ڕێژەی مردنانە بەهۆی كێشی زیادەو تووشبوونی كەسەكان بەهۆی شێرپەنجەی پەنكریاسەوە بوو، كە لەتەمەنی گەنجێتیدا بەدیكرا.

لێكۆڵەران هۆشداری ئەوە دەدەن، بۆ كەمكردنەوەی ئاوا ڕێژەو ئامارێك، دەبێت ڕێگری لە قەڵەوی منداڵان  و كەسانی خوارتەمەنی50ساڵییەوە بكرێت.

وەرگێڕان: یاسین نادر