قیامەتی ژیان.. ژنێكی رزگاربووی ئەنفال چیرۆكی رۆژە رەشەكان دەگێڕێتەوە

کوردستان

14/04/2019‌ 1359 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: سنوور فایەق نامیق
 (ڕەحمە) خانمێكە، ئێستا لە ناحیەی ڕزگاری نیشتەجێیە، ماڵباتی ئەو خاتوونە پێش مەرگەساتی ئەنفال لەگوندی (پیرە مۆنی) ژیاون، ڕووداو، ناسۆری، ناخۆشی و ئاریشەكانی ڕۆژانێ، كە بەهۆی مەرگەساتی بەدناوی ئەنفالەوە بەسەری هاتوون بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە.

ژیانێكی باش و ئاسوودەمان بەسەردەبرد، لە لادێكەمان، ڕۆژانە بە ئیش و كاری ژیانەوە سەرقاڵ بووین؛ ژیانێكی ئاسایمان هەبوو تاوەكو ڕۆژی (۱٤ی٤).

ئەو ڕۆژە هەر لە خۆرهەڵاتنەوە، وەك بڵێی شتێكی ترسناك ڕوو ئەدات، هەمووان بێ دەنگ، لادێكەمان كش و مات، تەنانەت جریوەی چۆلەكەكانیش نەدەهاتن، دڵم خەبەری دابوو، كە شتێ ڕوو ئەدات، لێ نەمدەزانی چییە و تا دەهات دنیا زیاتر سامناك ئەبوو.

لە ماڵەوە دانیشتبووین، منداڵەكانم بە ئەرخەیانی لە حەوشە یارییان دەكرد، تا ئەو دەمەی بە پڕتاوێ دنیا خرۆشا و قیامەتی ژیان هەستا، بەعسییە پیس و پۆخڵەكان، وەك ئەهریمەن، سەرەتا بە فڕۆكە و دواتر بە خۆیان و تراتكتۆر و سەگە ڕەشەكانیانەوە، بەرەوڕووی لادێكەمان هاتن، ئێمەش بەهەڵەداوان پەنامان بردە شاخەكان، تاوەكو خۆمان حەشار بدەین؛ لە یادمە؛ هەر ئەو ساتەی، كە بەرەو شاخەكان ڕامان دەكرد، پیاوێك بەر گولەبارانی فرۆكەكان كەوت، هیچێكمان لە ترساندا نەپەرژاینە سەر ئەوەی بگەڕێینەوە و ڕزگاری بكەین؛ تاوەكو ڕۆحی سپارد و لاشەكەی بووە خۆراكی سەگەكان. لەودەمەدا وامان دەزانی بەخۆحەشاردان لەنێو شاخەكان ڕزگارمان دەبێت؛ وەلێ ئەوە تەنێ هەوڵێك بوو لە حەیبەتی گیانی خۆمان، ئەگینا بەوەش هەر سەلامەت نەبووین.

پیاوێك بۆ ئەوەی بزانێ، چی دەگوزەرێ و كەنگێ ڕزگارمان دەبێ، زوو زوو سەری هەڵدەبڕی و تەماشایەكی دەكرد، بەڵام بەداخەوە گولەیەك لە تفەنگی بەعسییەكی پیسەوە هات و ئەو پیاوە لەپێش چاومان ڕۆحی سپارد، دوای بینینی ئەو دیمەنە، ئیدی كەس لەجێی خۆی نەجوڵا، تا ئەو دەمەی، كە ئیدی كار لەكار ترازا و ڕەوڕەوەی ژیانی ئێمە گۆڕا؛ هەموومانیان لە تراكتۆر سەرخست. 

چوار كوڕ و كچێكم هەبوو، ئێستاش شێوەیان لە پێش چاومە، كە چۆن دەگریان و لە ترساندا هەموویان توند باوەشیان لێ دابووم، تراكتۆر كەوتە ڕێ و نەماندەزانی بۆ كوێمان دەبەن، هەموومان چاوەڕێی دەستێ بووین بگاتە فریامان و ڕزگارمان بكات، وەلێ نەبوو.

ماڵمان تاڵان و وێران كرا، لەسەر ئاو و خاكی خۆمان لایان بردین و ئێمەیان گواستەوە بۆ (دووز خورماتوو)، دواتر ڕەوانەی (تكریت) كراین. لە ڕۆژانێكی باراناویی و سارد و سڕدا پێنج ڕۆژ لە (تكریت) ماینەوە؛ لێمان ڕوون نەبوو چیمان بەسەردێ!

دوای ئەو پێنج ڕۆژە (پیر و جوان) كراین، واتە: گەنج و پیر جیاكرایەوە و، ڕەوانەی (نوگرەسەلمان) كراین، لە هەر جێ گۆڕینێك زیاتر و زیاتر ژیانمان لێ تاڵ دەبوو، هەرجارە و ڕووداوێكی ترسێنەرترمان دەبیست و دەبینی، نوگرەسەلمان ئەو جێگە بوو، كە مەرگی نائاسایی ئازیزانی پێ پیشانداین، نەك مەرگێك بە قەدەری ئیلاهیی.

سەرەتای ئازارەكانی ئێمە بە ناونووسین دەستی پێ كرد، ئەم ناونووسینەش تەنیا بۆ منداڵ و پیرەكان بوو، هەر ئەوكات دركمان بەوە كرد، كە كارەساتێكی مەترسیدار بەڕێوەیە، چونكە تەنێ بۆ دوو كۆمەڵە بوو.

ئەوەی لێی دەترساین زۆر لەوە خراپتر ڕوویدا، كە لە زەینی ئێمەدا بوو، چونكە لە هەر ئانوساتێكدا بەعسییەكان دەهاتن و چەند كەسێكیان پەلكێش دەكرد و، ئیدی هەرگیز ئەو كەسانەمان بە زیندوویی نەدەبینییەوە؛ مناڵەكانی منیش ناونووس كرابوون.

ڕۆژانە عەزابێكی زۆر ئەدراین، برسی و توینوویان دەكردین، زەڕەیەك بەزەیی لە ناخیاندا بوونی نەبوو، هەر لە ژێر ئازار و عەزابی بەعسییەكاندا چاوێكم كوێر بوو.

هەر لەو زیندانە پیسەی (نوگرەسەلمان) یەكێ لە كوڕەكانم لەدەست دا؛ دوای ئەوەی ڕووناكی چاوێكم نەما، ڕووناكی ژیانیشم كوژایەوە؛ نەمدەتوانی بڕۆم و بیبینم، تا بزانم، چۆن مردووە؟ 

ئاخر كێ دەتوانی بەرگەی بینی ئەو ئازارانە بگرێ؟

تا پورم هاتە لام، بەگریانەوە پێی وتم: "مناڵەكەت بەر دەستی سەگە ڕەش كەوتووە."

وتم پورێ چۆن دەزانی منداڵەكەی منە؟ ئاخر ئەمانە خوانەناسانە ڕۆژی چەندین كەس دەكوژن.

وتی: "بەو موورووە شینـانەی كە لەدەستیت كردبوو؛ دەستیم بەو موورووە شینانە ناسیوەتەوە، كە بەدەم سەگەكەوە بووە."

ئێوە لەم ئازارە تێناگەن و درك بەم ناسۆرییەم ناكەن، چونكە بە ئێوەیان نەوتووە ڕۆڵەكەتان بووەتە خۆراكی سەگەكان.

نوگرەسەلمان، گۆڕستانی زیندووەكان بوو، لەوێ سزای ڕۆحی و جەستەیی مرۆڤەكان ئەدرا. لەوێ بەزەیی نەبوو، تەنها كوشتن و ئازاردان هەبوو؛ نە لەتێ نان، نە چۆڕێ ئاو؛ هەمووان برسی و توینوو، شەكەت و بێ هێز. تەنها بە ئازاردانەوە نەدەوەستان، بەڵكو سەرئاوە پیسەكانیشیان بە ئێمە پاك دەكردەوە.

لەوێ مردووەكانیان بە پیاوەكان دەناشت، بەڵام چۆن ناشتنێ؟ بێ شۆردنەوە، بێ كفن، بە كەمێ خۆڵ تەرمەكانیان دەشاردەوە و، لە هەر ساتێكدا چاوەڕێی ئازار و ناسۆرییەكی گەورەتر بووین.

هەرگیز ئەو ڕۆژەم لەیاد ناچێت، كە (دایكی تاریق) ڕۆحی بەدەم سزای بەعسییەكانەوە سپارد! ئەوێ ڕۆژێ پیاوەكان وەك هەمیشە بێ هێز، بێ توانا، برسی و شەكەت بوون. براكەم لەگەڵ چەند كەسێك ڕۆشت، تا تەرمەكەی لە گۆڕ بنێن، بەڵام چونكە سێ ڕۆژ بوو، هیچ شتێكیان نەخواردبوو، هیچ هێز و توانایەكیان نەبوو، بە دەستە لەرزۆكەكانیان نەختێ خۆڵیان بەسەر لاشەكەیدا كرد و شاردیانەوە، وەلێ دواتر بەعسییەكان هەر بە ئەنقەست، سەگێكی ڕەشی برسییان هێنا و بە چنگ ئەو ئافرەتەی لەگۆڕ دەرهێنا و ئەندامەكانی لاشەی یەك یەك لێ كردەوە و خواردی؛ لە هەمووی ناخۆشتر، كەس نەیدەوێرا بەهانای لاشەكەیەوە بچێت و لە چنگی ئەو سەگە قورتاری بكات، چون سەرئەنجامی ئەو كەسەش دەبووە خۆراكی سەگەكان.

خواردنی ڕۆژێكی تەواومان تەنێ یەك جار بوو، لە بەیانیاندا سەمونێ ڕەق و چۆڕێ ئاو؛ جا چۆن ئاوێ؟ لەنێو تەنكی ئاوەكەدا (كرم) قوڵەی دەهات؛ بەهۆی ئەم خواردنە پیسانەوە، تووشی چەندین نەخۆشی بووین!

لە مانەش ناخۆشتر (توانج و قسە ناشرینەكانیان) هێندەیتر بریندار و بێزاری دەكردین، كە تائیستاش لەگوێمدا دەزرینگێتەوە.

لە نێو ئەم ئازارانەدا ماینەوە (مانگێك و چواردە ڕۆژ لەوێ بووم) ڕۆژ هات و چوو، هەتا شەوێك دەرگاوانی ئەو گەراجە هاتە لامان، كە تێیدا بووین. بە كوردییەكی ڕەوان قسەی دەكرد؛ لە شێوازی قسەكردنی دیار بوو، كە كوردە، پێی وتین:
"ئەم شەو نا؛ ئەو سەیارانەی كە سبەی شەو دێ، لەگەڵی سەركەون، گەر بەقسەم نەكەن، هەر لێرە دەمێننەوە و دەمرن و تیادەچن." 

ئەوەی بەدزییەوە پێ وتین و، بەپەلە ڕۆشت.

سبەی شەو ۱۲ سەیارە هات و، پڕ بوو لە خەڵك، بە ئێمەیان وت: "سەركەون." و بە ئەوانیشیان وت: "دابەزن." ئێمەش قسەی دەرگاوانەكەمان بیرهاتەوە و هەموومان سواری سەیارەكان بووین. نەماندەزانی چیمان بەسەردێ!

هەتا گەشتینە شاری سلێمانی و لەوێ بانگەوازیان كرد و وتیان: "ئەم خەڵكانەی هێناومانە، بیانگەڕێنینەوە شوێنی خۆیان، بۆ قەزا و ناحیەكانیان."

ئیدی ئێمەیان گەڕاندەوە، بۆ كەلار و لەناوەڕاستی شاردا فڕێیان داین. لێرەش دیسان بێ لانە و جێ؛ بێ خواردن، پۆشاك و شوێن، لەسەر شەقامەكان ماینەوە.

ئیدی دوا بەدوای ئەوە دەستم كردە گەڕان بەشوین كەس و كارم و بۆم دەركەوت، لە خێزانێكی (۲۱) كەسی لە برا، خوشك، خوشكەزا و برازا هیچ كەسێكم نەماوە."

بەپەلە