گومانی لە پارتی هەیە
یەکێتی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکەی فشار لەپارتی دەکات

کوردستان

17/04/2019‌ 2312 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکەی لەگەڵ پارتی فشاری لەسەر ئەو حزبە دروست کردوە بەهۆی ئەوەی کە گومانی پەشیمانبوونەوە لە پارتی دەکات.

بەپێی زانیارییەکانی شارپرێس کە لەسەرچاوەیەکی پارتییەوە دەستیکەوتووە لەماوەی دوو هەفتەی رابردوودا یەکێتی چەندین جار پەیوەندیان بە پارتییەوە کردوە بۆ ئەوەی رێکەوتنەکەیان واژۆ بکەن، بەڵام پارتی رەتیکردوەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەکردوە، پارتی رایگەیاندوە دەیانەوێت پرسی جێگری سەرۆکی هەرێم لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان یەکلایی بکەنەوە ئینجا لەگەڵ یەکێتی رێکەوتنەکە واژۆ دەکەن بۆئەوەش لەئێستادا دوور لەچاوی میدیاکان گفتوگۆ لەنێوان پارتی و گۆڕان بەردەوامە.

بەپێی زانیاریەکان یەکێتی گومانی ئەوەی هەیە پارتی لەسەر جۆری رێکەوتنەکەیان بەتایبەت جێگری سەرۆکی هەرێم پاشگەز بێتەوە، بۆیە لەماوەی رابردوودا فشاری ئەوەی کردوە زوو رێکەوتنەکەیان واژۆ بکەن، هەروەها ئاماژەشیان بەوە کردوە کە رێکنەکەوتنى پارتى و گۆڕان پەیوەندى بە رێکەوتنەکەى ئەوانەوە نییەو پێویستە واژۆ بکرێت.

بەهۆی ئەو فشارانەی یەکێتیشەوە چاوەڕوان دەکرێت چاوەڕێی یەکلاییبونەوەی گفتوگۆکانی پارتی و گۆڕان نەکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو پارتی و یەکێتی رێکەوتنەکەیان واژۆ بکەن.

سەرەتاى ئەم مانگە بە پەیوەندییەکى تەلەفۆنى پارتى و یەکێتى لەبارەى پۆستەکانى حکومەت و پشکى یەکێتى لەو کابینەیە گەیشتنە رێککەوتن، بەڵام لەئێستادا بەهۆى نارازیبوونى گۆڕان لە زیادکردنى جێگرى دووەم بۆ سەرۆکى هەرێم پێکهێنانى حکومەت ئەوەندەى تریش دواکەوت.
س.هـ