سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید دەستگیركراوە
دەست بەسەر كۆمپیوتەر و مۆبایل و ئامێری گومانلێكراودا گیراوە

کوردستان

25/04/2019‌ 5070 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای سكاڵای ئەندام پەرلەمانەكانی نەوەی نوێ دادوەر بڕیاری دەستگیركردنی دەركرد بۆ چەند كەسێكی نزیك لەشاسوار عەبدولواحید، كە یەكێكیان سكرتێری شەخسییەتی.
 
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەیەكی ئەمنی‌و ئاگادار بۆ شارپرێس، شەوی رابردوو بە فەرمانی دادوەر لەلایەن هێزەكانی ئاسایشەوە ئەو كەسە دەستگیركراوە و دەستگیراوە بەسەر كۆمپیوتەر و مۆبایل و ئەو كەلوپەلانەی، كە گومان دەكرێت بەكارهێنرابن بۆ هەڕەشە كردن لەپەرلەمانتارەكانی نەوەی نوێ و تۆماركردنی وێنە و دەنگ لە كات و شوێنی نەشیاودا.

هەر بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكە، كە داوای كرد ناوی بڵاونەكرێتەوە، ئێستا ئەو تۆمەتبارە و كەرەستە گومانلێكراوەكان، لەبەردەستی ئاسایشدان، كە سكرتێرەكەی شاسوار عەبدولواحید ناوی ر . ش.

لێكۆڵینەوە لەسكاڵاكان و كەیسی حزبی نەوەی نوێ، جیابوونەوەی باڵەكانی ناو نەوەی نوێ، و هەڕەشەكردنی نەوەی نوێ لە ئازادیی و سەربەخۆیی و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و پەرلەمانتارەكانی، لەژێر پرۆسەیەكی وردی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوون دایە.

چەند رۆژێكە كێشە لەناو نەوەی نوێ‌ دروست بووە، دوای دروستبوونی كێشەكانیش رۆژی چوار شەممە شادی نەوزاد پەرلەمانتاری نەوەی نوێ‌، رایگەیاند هەرەشەی ئەوەی لێكراوە، كە تۆماری سێكسی بڵاودەكرێتەوە، دوای ئەوەش سكاڵای تۆماركرد.

هـ ـ ح