گڕگرتنی ناوچەی كەنداو. ئێران دەتوانێت گەرووی هورمز مین رێژ بكات؟

جیهان

29/04/2019‌ 1692 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڤلادیمێر موخین لە رۆژنامەی "نیزافیسیمایا گازێتا" لەسەر چارەسەركردنی مەترسییەكانی گڕگرتنی ناوچەی كەنداوی بەهۆی بێبەشكردنی ئێران لە هەناردەكاردنی نەوتەكەی بابەتێكی نووسیوە 

نووسەر لە بابەتەكەدا دەڵێت: هەشتەم كۆنگرەی مۆسكۆ بۆ ئاسایش دەستی بە كارەكانی كرد ، هەروەكو ساڵانی پێشوو ناكۆكییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراست بەشێكی گرنگی خشتەی كارەكانی كۆنگرەكەی داگیر كردبوو".

شاندی ١٠٠ دەوڵەت بۆ كۆنگرەكە هاتبوون ، وەك سرووشتی هەمیشەیی زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتە یەكگرتووەكان بەشداری كۆنگرەكە نەبوون ، ئەوان دەیانەوێت دوور لە بەرژەوەندی مۆسكۆ و هاوپەیمانەكانی ، كێشەكانی سوریا و عێراق و وڵاتانی تریش لەبەرژەوەندی تایبەتی خۆیان چارەسەر بكەن .

پۆرتاڵی ئەلیكتڕۆنی  Axioms بەپشتبەستن بە سەرچاوەكانی خۆی دەڵێت مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لەكاتی گفتوگۆكردنی لەگەڵ ڕەوەندی ئەمەریكی ئێرانی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا وتوویەتی: "ئەمەریكا نایەوێت لەڕێگای دەستتیوەردانی سەربازیی راستەوخۆوە رژێمی دەسەڵات لە ئێران بگۆڕێت "، بەڵكو گوتوویەتی كە وڵاتەكەی رێگای تری هەڵبژاردووە بۆ كاریگەریدانان لەسەر ئێران كە وادیارە قەدەغەی فرۆشتنی نەوت یەكێكیانە .

هەروەك سارە ساندرز وتەبێژی كۆشكی سپی رایگەیاندكە دۆناڵد ترامپی سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بڕیاریداوە لەسەرەتای مانگی مایسەوە ، هیچ وڵاتێك لە كڕینی نەوتی ئێران نەبەخشرێت ، ئەو بڕیارەش بەئامانجی سفركردنەوەی هەناردەی نەوتی خاوی ئێران و بێبەشكردنی ئەو وڵاتەیە لە سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكەی ، ئەو بریارەش دوای بریاری ناساندنی سوپای پاسدرانی ئێرانە لەلایەن واشنتۆنەوە وەك ڕێكخراویكی تیرۆریستی بیانی .

وەك وەڵامێك بۆ ئەو هەنگاوەی واشنتۆن ، رۆژی ٢٢ی نیسان ئەمیراڵ عەلی رەزا تەنغسیری فەرماندەی هێزی دەریایی شۆڕشی ئێران هۆشداریدا لەوەی لەحاڵەتی ئاستەنگ درووستكردن بۆ هەناردەی نەوتی ئێران ، ئەوە گەرووی هورمز دادەخات و ڕێگە نادات وڵاتانی تری ناوچەكە ناوتەكەیان بگەیەنن بە بازارەكانی جیهان .

هەر لەو چوارچێوەیە ئۆلیگ شفیدكۆف شارەزای سەربازی بە رۆژنامەی 'نیزافیسیمایا گازیتا"ی گوتووە كە تاران  لەڕێگای چاندنی مین لە قوڵاییدا دەتوانێت ئاستەنگ بۆ هاتوچۆی گواستنەوەی نەوت درووست بكات .

بەوشێوەیە ، ململانێیەكی نوێ لە كەنداو لەبەر دەرگایە ، كە لە كۆنگرەی ئاسایشی مۆسكۆ گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی