سێ وڵات دیاریكراوە.. ئەگەری زۆر ئەوەیە ئەبوبەكر بەغدادی لەیەكێكیان بێت

عیراق

02/05/2019‌ 3288 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
لەنێوان سێ وڵاتدا ئەگەری هەیە ئەبوبەكر بەغدادی ڤیدیۆ تۆماركراوەكەی لێبڵاوكردبێتەوە ، ئەوەش دوای چەند ساڵێك لە خۆشاردنەوە و بڵاوبوونەوەی هەواڵی دژ بەیەك لەسەر برینداربوونی یان كوژرانی .

ئەبوبەكر بەغدادی لە ڤیدیۆیەكی تۆماركراودا دەركەوتەوە، كە تۆڕی راگەیاندنی سەر بە داعش لەسەر ئەپڵیكەیشنی "تەلەگرام" بڵاویكردەوە ، تێیدا وادەردەكەوێت وەك ئەوەی لەناو خیوەتێكی سپیدابیت ، لەبەر ئەوەی بەڕوونی دیوارە لۆچ بووەكانی دیارن. 

كیفاح مەحمود توێژەر و شیكەرەوەی سیاسی لە هەرێمی كوردستانەوە لەسەر دەركەوتنی بەغدادی بە پەیامنێری سپۆتنیكی روسی وت: دەبێت بزانین داعش سنوورێكی جوگرافی دیاریكراوی نییە ، بینیمان چۆن چالاكییەكانی گەیشتنە وڵاتانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای جیهان ، ئەوەش بەو مانایەی رێكخستنەكانی و چەتەكانی و خانە نووستووەكانی لەهەموو وڵاتانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەدڵنیایی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی پسكی گەورەیان بەردەكەوێت ، جا لەتوركیا بیت یان لە سوریا یان لە عێراق ".

مەحموود بەدووری نازانێت بەغدادی لە یەكیك لەو سێ وڵات بێت ، بەتایبەت توركیا كە ماوەیەكە هەندێ هەواڵ لەوبارەیەوە دزەیان پێدەكرێت .

مەحمود دەشڵێت: لەسەر ئاستی سەربازی بونیەی سەربازی داعش تێكشكینراوە ، تەنانەت بەغدادی خۆی كۆتاییهاتنی شەری باغۆزی راگەیاندووە كە دوا قەڵای ئەو ریكخراوە بوو .

ئەو شیكەرەوە سیاسییە پێیوایە، كە ئەو تێكشكانە سەربازییە مانای وانییە كە داعش تەواو بووە ، بەڵكو ئەو وەكو شانەی نهێنی و بەناو و ناونیشانی ترەوە دەمێنن .

كیفاح مەحمود پێشیوایە، گرنگترین ئاڵنگاریی دوای دەركەوتنی بەغدادی لە گرتەیەیكی ڤیدیۆییدا ئەوەیە كە چۆن چارەسەری ئەو ژینگەیە بكرێت كە داعش درووستی كردووە و بۆتە یارمەتیدەر بۆ گەشەكردنی بیری توندرەوییانەی ئەو رێكخراوە جا لە عێراق بیت یان لە سوریا و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی .

تۆری راگەیاندنی رێكخراوی داعش لەسەر ئەپڵیكەیشنی تەلەگرام تۆماریكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە، كە تێیدا ئەبوبەكر بەغدادی دەردەكەوێت ئەوە بەیەكەم دەركەوتنی ڕێبەری داعش دادەنرێت لەوەتی ساڵی ٢٠١٤ وە ، لەو گرتە ڤیدیۆییەدا بەغدادی وتی: شەڕی ئێستا شەڕی ملپێكەچكردنی دوژمن و درێژخایەنە .

هەندێك سەرچاوەی ئەمنی و ناوخۆیی عێراقی بەشێوەیەكی بەردەوام لەلیدوانەكانی پیشووتریاندا باسیان لەوە دەكرد، كە لەكاتی پرۆسەكانی ئازادكردنی شارەكانی نەینەوا و ئەنبار و سەلاحەددین ژمارەیەكی زۆر چەكداری داعش و فەرماندەكانیان بەرەو توركیا رۆیشتوون ، بەتایبەت بۆ ناوچەی غازی حەنتاب.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی