سوپاسالاری ئێران داوا لەهێزەكانی دەكات ئامادەبن بۆ شەڕكردن

جیهان

03/05/2019‌ 2035 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیوا عەبدوڕەحمان موسەوی سوپاسالاری سوپای ئێران، داوا لە سەرجەم هێزە سەربازییەكانی وڵاتەكەی دەكات خۆسازدەن بۆ جەنگ و ئامادەباشیشبن بۆ هەر‌ هێرشێكی شەوانە.

موسەوی ئێوارەی 4لەوتەیەكیدا لە میانەی كۆبوونەوەی 12 یەكە سەرەكی و سەربەخۆكانی هێزەی وشكانی سەر بە سوپا وتی: "پێویستە لەسەر هەموو هێز و یەكەكانمان لە ئەوپەڕی حاڵەتی ئامادەباشیدابن وەك ئەوەی لە شەوی هێرشبردندابن، هەمیشەش ڕاهێنان لەسەر گەمەی جەنگ بكەن".

موسەوی ئەوەشی ووت: "هەڕەشەكانی ئەمڕۆی دوژمنانمان لێبراوانەن (جدین)، بێگومان ئەو هەڕەشانە لە سەرەتادا لە وشكانییەوە نایەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدادەبێت هێزی ووشكانیمان لە ئەوپەڕی ئامادەباشیدا بێت، چونكە تەوەری هەموو پڕۆسە سەربازییەكانە".

موسەوی داواشی لە هەموو هێزە چەكدارەكان كرد ئامادەی جەنگبن و مانۆڕی سەربازی ئەنجام بدەن و پەرە بە توانستە بەرگرییەكانیان بدەن.

ئەم داوایەش دوای ئەوە هات، كە عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێرانی دوێنی 4 شەممە هێزەكانی وڵاتەكەی هاندا توانستە سەربازییەكانیان لە بەرانبەر دوژمندا نمایش بكەن.

خامەنەئی وتیشی: "دوژمن ئامادەسازی توانستە سەربازییەكانی بۆ جەنگ ئاشكرا ناكات، بەڵام دەبێت گەلی ئێرانی توانستە جەنگییەكانی خۆی نمایش بكات".

لەو كاتەی ئێران لەژێر فشاری سزای سەختی وویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادایە، ئاستی گووتە سەربازییەكانی بەرزتر كردۆتەوە، سزاكان ڕوویان لە كەرتی نەوتە، تارانیش بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە پاڵپشتی تیرۆرە و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی خستۆتە مەترسییەوە.

ڕێوشوێنە ئەمریكییەكانیش پشتیوانی فراوانیان لێدەكرێت لە لایەن هاوپەیمانانی واشنتۆن لە ناوچەكە، بە تایبەتیش سعودیە و ئیسڕائیل.

سەرچاوە : RT
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر