بۆچی ئەردۆغان شەڕی بردنەوەی ئەستەمبوڵ دەكات؟

جیهان

09/05/2019‌ 1893 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ساڵانێك پێش ئێستا، رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاندبوو، ئەوەی فەرمانڕەوایی ئەستەمبوڵ بكات، فەرمانڕوای توركیا دەكات، كە لێرەوە دەكرێت ئەوە بزانین بۆچی ئەردۆغان بیرۆكەی دۆڕاندنی ئەستەمبوڵی قبوڵ نییە بەوەی بكەوێتە دەست نەیارەكانی. 

ئەو شارە شوێنی  لە دایك بوون و سەرەتای دەستپێكردنی كاروانی سیاسی بوو، كاتێك لە ساڵی 1994 سەرۆكایەتی شارەوانییەكەی بردەوە، كە لەوساوەی دەركەوت ئەكرەم ئیمام ئۆغڵۆی نەیاری ئەردۆغان و پاڵێوراوی پارتی گەلی كۆماری سەرۆكایەتی شارەوانی ئەستەمبوڵی بردووەتەوە، ئەردۆغان گومانی خستەسەر پاكی و بێگەردی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان، ناوەندەكانی سەر بە پارتەكەشی  باسی سەرپێچی و گەمەكردن بە دەنگەكانی هەڵبژاردنیان هێنایە سەر زار و زمانان.

ئەردۆغان لە 8 ی نیسانی ڕابردوو وتی:  هەڵبژاردنەكان سەرپێچییان تێكەوتووەو بە شێوەیەكی ڕێكخراو ناپاكیان تێدا كراوە، پرسەكە سەرپێچی بچوكی لێرە و لەوێ نییە، بەڵكو هەموو پڕۆسەكە لەكەدارە و فێڵی تێداكراوە.

ئەردۆغان داوای دووبارە هەژماركردنەوەی دەنگەكانی كرد، لیژنەی هەڵبژاردنیش بەدەم داواكەیەوە چوون، دوای دووبارە هەڵاوێركردنەوەی دەنگەكان، ئەنجامەكان وەك خۆیان مانەوە و لە بەرژەوەندی بن عەلی یەڵدرمی سەرۆك وەزیرانی پێشوودا نەبوون، دوای 17 ڕۆژ لە كۆتاییهاتنی دەنگدان، بردنەوەی ئیمام ئۆغڵۆ ڕاستێندرا و پۆستە تازەكەی گرتەدەست.

سوود وەرگرتن لەكات
ئیمام ئۆغڵۆ حیزبەكەی ئەردۆغانی بەوە تۆمەتبار كرد، كە لە هەوڵی ئەوەدایە سوود لەكات وەربگرێت بەوەی زۆرترین تانە لە ئەنجامەكان بدات، پارتەكەی ئەردۆغانیش ئەمەی بە توندی ڕەتكردەووە.

هاوكات عومەر چیلیك وتەبێژی فەرمی پارتی داد و گەشەپێدانیش ئەو تۆمەتانەی بەوە وەسف كردن، كە "بانگەشەی بەتاڵن"، وتیشی پارتەكەی ڕێز لە ئەنجامی كۆتایی دووبارە ژماردنەوەی‌ دەنگەكان دەگرێت، هەتا ئەگەر لە بەرژەوەندی خۆشیدا نەبن.

بەڵام ئەوەی خاوەن قسەی كۆتاییە لە توركیا تەنیا ئەردۆغانە و بەس، چاودێر و شەقامی توركیش باش دەزانن ئەردۆغان سیاسەتمەدارێكی لەبلەبانە لە كێشی قورس، بە ئاسانی پاشەكشە ناكات ، پشوودرێژە و دوودڵی ناكات لە هێرشكردنەسەر نەیارەكانی و بە ئاسانی دۆران قبوڵ ناكات، چونكە زۆر بە سادەیی لەو ساوەی لە ساڵی 2002 هاتووەتەسەر حوكم نەیدۆراندووە.

سەرەتا ئەردۆغان بە لایەنگرانی خۆی وت، كە‌ بە ئەنجامەكان ڕازییە ، بەڵام دواتر پاشگەزبووەوە  و پەنای بۆ هەڵكشان برد و ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئەستەمبوڵی ڕەتكردنەوە و داوای دووبارەكردنەوەی ژماردنی دەنگەكانی كرد، لیژنەی هەڵبژاردنەكانی خستە تەلەزگەوە و ناچاربوون بەدەم داواكەیەوە بچن و بڕیاری دووبارە بژاردنەوەی دەنگەكانی ئەستەمبوڵ بدەن. تۆ بڵێی چ نهینییەك لە پشت ئەو داوایەی ئەردۆغانەوە بێت؟

سەرچاوەی سامان
لەوساوەی ئەردۆغان لە سالی 1994 وە سەرۆكایەتی شارەوانی ئەستەمبوڵی وەرگرت، شارەكە كەوتووەتە ژێر كۆنتڕۆڵی ئیسلامییە كۆنەپارێزەكان، بۆیە لە دەستدانی باڵادەستی بۆ ئەوان لەو شارەدا، واتا و دەلالەتێكی گەوەری هەیە، چونكە شارەكە پێگەیەكی ئابووری و سیاسی و سیمبولی مێژوویی هەیە لای خۆی و لایەنگرانی.

لەڕووی ئابوورییەوە ئەستەمبوڵ دڵی توركیا و بزوێنەرە ئابوورییەكەیەتی، 31.2 %تێكرای داهاتی توركیای لێوە بەرهەم دێت كە دەكاتە 851 ملیار دۆلار، ئەمەش بە گوێرەی داتاكانی سەنتەری ئاماری توركیا بۆ سالی 2017، ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاترە لە 16 ملیۆن كەس.

بەڵام ئەنقەرەی پایتەخت تەنیا 9% تێكڕای داهاتی ووڵاتی لێوە بەرهەم دێت. تێكرای داهاتی تاك لە ئەستەمبوڵ بەرزترینە لەسەر ئاستی ووڵات و دەگاتە 65 هەزار لیرەی توركی بە گوێرەی ئاماری ساڵی 2017. كەچی تێكڕای داهاتی تاك لە ناوچە كوردییەكانی باشووری ڕۆژهەلاتی توركیا تەنها 14 هەزار لیرەی توركییە.

ئەستەمبوڵ دڵی پیشەسازی توركیایە، تێكرای 29% ی بەرهەمی پیشەسازی توركیای لێوە بەرهەم دێت.

بودجەی شارەوانییەكەی‌ لە ساڵی 2018 گەیشتە 10 ملیار دۆلار، ئەم گوژمە (مبلغ) پارەیەش زیاترە لە سەرجەم گوژمه پارەی ساڵانەی وەزارەتی بەرگری توركیا.

گرێبەستی بازرگانی
لە ماوەی باڵادەستی پارتی داد و گەشەپێدان بەسەر شارەكەوە، گرێبەستی پڕۆژەی گەورە دراوەتە كۆمپانیا و گەورە بزنسمانەكانی نزیك لە حكومەت ، بۆیە دەیەها هەزار لە ئەندام و لایەنگرانی حزبەكە لەو كۆمپانیایانەدا كار دەكەن، ئۆپۆزسیۆنیش بەوە پارتی داد و گەشەپێدانی تۆمەتبار كرد كە لە بەرامبەر بەخشینی ئەو گریبەستانە بەرتیلی وەرگرتووە.

مەولود ئویساڵ- ی سەرۆكی شارەانی پیشووی ئەستەمبول لە ناوەڕاستی ساڵی پار گووتی كە شارەوانی ئەستەمبوڵ و لقەكانی 80 هەزار هەلی كار دابین دەكەن.

شارەوانی شارەكە لە ساڵی 2018 و بە گوێرەی بەڵگەنامە داراییەكان، بڕی 150 ملیۆن دۆلاری بەخشیوەتە سەندیكا و دامەزراوەكانی نزیك لە پارتی داد و گەشەپێدان و ئەندامانی خێزانەكەی ئەردۆغان.
 
پڕۆژە زەبەلاحەكان لە ئەستەمبوڵ كە بەهایان ملیارەها دۆلارە وەك پڕۆژەی فڕۆكەخانەی ئەستەمبوڵی تازە و پردی سێیەم كە هەردوو بەری شارەكە بەیەكەوە دەبەستێت، دراونە كۆمپانیاكانی نزیك لە ئەردۆغان وەك كالیون و كولین و لیماك، هەروەك ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی دەڵێت.

ناوەندەكانی ئۆپۆزسیۆنیش دەڵێن شارەكە هەمیشە بۆ پارتەكەی ئەردۆغان سەرچاوەی داهات بووە، لەوساوەی كەوتۆتە بندەستی پارتی داد و گەشەپێدانەوە، بەشێكی بودجەكەشی دەچێتە گیرفانی ئەو كۆمپانیایانەی موڵكدارییەكەی هی كەسە نزیكەكانی ئەردۆغانن، پڕۆژە گەورە و زەبەلاحەكانیشی دەدرێنە كەسە نزیكەكانی ئەردۆغان.

وەرگێران: لوقمان حاجی قادر