ئەمریكا هۆشداری بەو كەشتییە بازرگانییانە دەدات بە گەرووی هورمزدا تێدەپەڕن

جیهان

11/05/2019‌ 628 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ناوەندی دەریاوانی ئەمریكا، كەشتییە بازرگانی و بارهەڵگرەكانی وڵاتەكەی لەبارەی هەڕەشەو مەترسییەكانی هێرشكردنە سەریان ئاگاداردەكاتەوە.

بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرز، ناوەندی دەریاوانی ئەمریكا هۆشداری ئەوەی بەكەشتییەكانی وڵاتەكەی لە كەنداو داوە، پێدەچێت ئێران و هاوپەیمانەكانی كەشتییە بازرگانییەكان لەوانە نەوتهەڵگر و كەشتییە سەربازییەكان لە دەریای سوور و بابولمەندەب و كەنداو بكەنە ئامانج.

ئەو ناوەندە داواشی لەو كەشتییانە كردووە، كە بەئاڵای ئەمریكاوە لە گەرووی هورمزدا هاتووچۆ دەكەن، یان بەوێدا تێدەپەڕن، دوو ڕۆژ پێش لەتێپەڕین بەو گەرووەكەدا، یەكەی دەریاوانی و كەشتیگەلی پێنجەم و جێگیری وڵاتەكەیان لەئاوەكانی وڵاتی بەحرەین ئاگادار بكەنەوە.
 
ئەو یەكەی كەشتیگەلییە ئەركی دابینكردنی ئاسایشی كەشتییە بازرگانییەكانی ئەمریكای لەئاوەكانی كەنداو لەئەستۆدایە.

ئەدمیرال جیم مالۆی، كە هاوكات فەرماندەی كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریكا لەئاوەكانی بەحرەین لەو بارەوە رایگەیاندووە، هێزە دەریاوانیییەكانی ئەو لەئێستادا لەدۆخی ئەوپەڕی ئامادەباشیدان، هەرچەندە هێزەكانی ئەمریكا بەدوای شەڕكردن لەگەڵ ئێراندا نین.

لەئێستادا وڵاتی ئەمریكا بەناردنی كەشتی فڕۆكە هەڵگری ئابراهام لینكۆڵن و جێگیركردنی چوار بۆمبهاوێژی سەربازیB52  بوونی سەربازی خۆی لەكەنداودا توندتر كردووەو وڵاتی ئێرانیش لە هەفتەكانی ڕابردوودا هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی لە ئاوەكانی كەنداودا كردووە.

وەرگێڕان: یاسین نادر