عێراق لە نێوان هۆشداری‌و هەڕەشەكانی ئێران‌و ئەمریكا

عیراق

14/05/2019‌ 869 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
باڵوێزخانەی ئەمریكا لە بەغدا، بەیاننامەیەكی دەركرد و تێیدا داوای لە هاووڵاتییە ئەمریكییەكان كرد گەشت نەكەن بۆ عێراق.

ئەم هۆشدارییە لە كاتێكدایە، كە مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، هەفتەی ڕابردوو كتوپر سەردانی بەغدای كرد، ئەمەش‌ هاوكات بوو لەگەڵ هەڵكشانی لێدوان و هەڕەشەكانی نێوان واشنتۆن و تاران دژ بە یەكدیكە. 

هۆكاری دەركردنی بەیاننامەكە
دكتۆر عەلی تەمیمی توێژەری عێراقی بواری یاسا بۆ سپۆتنیك وتی: "بارگرژی نێوان واشنتۆن و تاران هۆكاری دەركردنی ئەو بەیاننامەیە، ئەو هۆشداریدانە بە هۆی ئەو پەرەسەندنە خێراییانەیە،‌ كە سەبارەت بە دۆسیەی ئەتۆمی "ئێران -ئەمریكا" ڕوو دەدەن، بە تایبەتیش دوای هاتنی كەشتی جەنگی ‌ و فڕۆكە بۆمبهاوێژە ئەمریكییەكان بۆ كەنداو، لەولاشەوە هەڕەشەكانی ئێران لە واشنتۆن، ئەمە پاڵی بەویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە نا، هۆشداری بداتە هاووڵاتییەكانی سەبارەت بە باڵەكانی ئێران لە عێراق، چونكە واشنتۆن پەی بەوە دەبات، كە ئێران ڕاستەوخۆی جەنگی لە دژ هەڵناگیرسێنێت، بەڵكو لە ڕێگەی بریكارەكانییەوە ئەو كارە دەكات".

توێژەرەكە وتیشی: بە دیدی من جەنگێكی ڕاستەوخۆی نێوان هەردوولا ڕوونادات، بەڵكو ئێران پشت بە باڵەكانی دەبەستێت لە عێراق و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە عێراق بە ئامانج دەگرێت، بۆ نموونە وەك باڵوێزخانەكەی.

هەروەها حاكم زاملی ئەندامی پێشووی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەپەرلەمانی عێراق لەم پرسەدا، لەگەڵ دكتۆر تەمیمی كۆك‌و تەبایە، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ سپۆتنیك وتی: "ئەو هۆشدارییە بە هۆی ئەو ڕووداوانەوەیە، كە لە ئێستادا لەسەر گۆرەپانی عێراق و ناوچەكە ڕوودەدەن، بارگرژی هەیە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا، گواستنەوەی كەرەستە و ئامرازە جەنگییەكانی ئەمریكاش بۆ كەنداو ، هەڕەشەكانی ئێرانیش، پەیامی ڕوونن بۆ سەپاندنی بوون و هێز لە ناوچەكهدا‌، واشنتۆن لەم ڕێگەیەوە لە هەوڵی ئەوەدایە پەیامێك بداتە ئێران كە جەنگ بەڕێوەیە، ئەگەر ئێران ملكەچی داواكارییەكانی ئەمریكا نەبێت، هەموو ئەمەش جۆرێكە لە جەنگی نەرم و هەڵكشان و هەڕەشەكردن".

عێراق گۆڕەپانی جەنگە چاوەڕوانكراوەكەیە
تەمیمی پێی وایە ئەو جەنگە جگە لە عێراق دەپەڕێتە ‌گەلێك بەرەی دیكەوە، ڕوونیكردەوە و ووتی: "جەنگە هەر‌ لە عێراق نابێت، بەڵكو لەوانەیە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە لوبنان،یەمەن و سوریا، بنكە ئەمریكییەكەی بەحرین و كەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریكا بە ئامانج بگرێت، لەوانەیە ئەو هەڕەشەی ئێران بە لێدانی كەشتییە جەنگییە ئەمریكییەكانی كەنداو تەنها قسە بێت و ئێران پەنای بۆ نەبات، سەرباری ئەوەی ئەمریكا ئەوەی پێ باشە و هەوڵیشی بۆ دەدات، ئەو كات پرسەكە دەباتە ئەنجومەنی ئاسایش، بەمەش سزاكانی سەر ئێران لە بری ئەوەی ئەمریكیبن، دەبنە نێودەوڵەتی".
 
زاملی پێی وایە، ئەگەر جەنگ ڕووبدات، بێگومان عێراق گۆڕەپانەكەی دەبێت، ئەگەر واشنتۆتن بۆمبارانی ئامانجەكانی ناو ئێران بكات، بە دڵنییاییەوە ئێرانیش هێزە ئەمریكییەكانی ناو عێراق و بنكە سەربازییەكان و باوڵێزخانەكەی  و بەرژەوەندی دیكەش بەئامانج دەگرێت، بۆیە دەبێت حكومەتی عێراق هەڵوێستی لێبڕاوانەی هەبێت و هەموو ئەو شێواز و ڕێبازانە بەكاربێنێت تاوەكو پێكدادان لەسەر خاكەكەی ڕوونەدات".

هەڵوێستی حكومەتی عێراقی لە دۆخی بەرپابوونی جەنگدا

زاملی وای دەبینێت، عێراق بێووچان لە هەوڵی گێڕانی ڕۆڵی نێوانگیری دایە، بەڵام ئەم ڕۆڵە ‌ بە عێراق ناگێڕدرێت، چونكە كەس داوای ئەوەی لێنەكردووه، توانستەكانی دەوڵەتی عێراقیش بچوكن، تەنانەت نیسابی حكومەتیش تەواو نەبووە، 4 پۆستی وەزاری بەتاڵن، ئەمە جگە لەوەی بڕیاری عێراقی یەكگرتوو نییە، پەرشوبڵاوە و بە كەسێك یان لایەنێك نادرێت، بڕیارەكانیش جۆراوجۆرن و یەكگرتوونین".

زاملی ئەوەشی دووپاتكردەوە كە: "عێراق لە هەوڵی خۆپاراستن دایە لەو جەنگە، دەیەوێت نێوانگیر بێت، ئەمەشی بۆ ناچێتەسەر، چونكە هیچ لایەكیان بە نێوانگیری ڕازی نین، ئەمەش بە گوێرەی ئەو ڕێسا بەناوبانگەی دەڵێت چارەسەری مامناوەند لە جەنگەكاندا بوونی نییە".

زاملی ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات كه: "‌ هەڵوێستی عێراق لەمەڕ ئەو جەنگە بێلایەنی دەبێت ، حكومەتی عێراق لەو بارەوە هەڵوێستی ڕوون و ئاشكرا و ڕاشكاوە، بەڵام لەوانەیە دۆخی تایبەت بێنە پێشەوە ، كە نازانین چیان تێدا ڕوودەدات و جەنگەكەش چۆن بەڕێوە دەچێت، ئەمانە دۆخ و ساتی جەنگە دیاری دەكەن".

وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر