شارپرێس:وەرگێڕانى: یاسین نادر
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ بوونی سزاکانی ئەمریکا لەسەر وڵاتی ئێران، عێراق هێشتا لە کڕینی غازی ئێران بەردەوامە.
عاسیم جیهاد وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە گفتگۆیەکی لەگەڵ ئاژانسی ئیسپۆتینگ-دا ڕایگەیاند، لەگەڵ بوونی فشارەکانی ئەمریکا بۆ پابەندبوونی عێراق لەسزاکانی سەرئێران، عێراق هێشتا لە کڕینی غازی ئێران بەردەوامەو وەک بەرهەمێکی زۆر پێویستی وڵاتەکەی لێی دەڕوانێت.
جیهاد هەروەها ڕاشیگەیاند، عێراق لەئێستادا پێویستییەکی تەواوەتی بەنەوتی پاڵفتەکراوی ئێرانیش هەیەو لە هەوڵی بەردەوامیشدایە تا جێگرەوەیەک بۆ نەوتی ئێران بدۆزێتەوە، لەگەڵ ئەمانەشدا غازی ئەم وڵاتەشی تاماوەیەکی کورتخایەن پێویست دەبێت.
وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕوونیشیکردەوە، لەکاتێکدا وڵاتی ئێران بەردەوامی بەهەناردەکردنی نەوت وغازی سروشتی بۆ عێراق دەدات، وڵاتی عێراقیش بەردەوامی بەکارکردن لە دروستکردنی پڕۆژەی جیاواز بۆ کەمکردنەوەی هاوردەکردنی بەرهەمی نەوت و غاز لە وڵاتان دەدات، کە ئامانج لەمکارەی عێراقیش گەیشتن بە خۆبژێوی و خۆبەرهەمهێنان بێ پێویستی بە وڵاتانیترە.
عاسیم جیهاد لەبارەی کاتی دیاریکراویش بۆ قۆناغی خۆبژیوی عێراق لە بواری هاوردەکردنی غازی ئێرانەوە بەتایبەت، ڕایگەیاند، تا ساڵانی 2021و 2022، عێراق هەوڵدەدات، چیدی خۆی پێویستییەکانی غازی وڵاتەکەی دابین بکات.
پێش لە لێدوانەکانی ئەم وتەبێژەش، نوێنەری فەرمیی وەزارەتی کارەبای عێراق ڕایگەیاند، کە عێراق لانیکەم ساڵێکی بۆ پڕکردنەوەی غازی ئێران پێویستە، لە ئەگەری ڕاگرتنی هاوردەکردنی غازی ئێرانیش، عێراق بڕی 2,800مێگاوات کارەبا لەدەستدات.
