پەرلەمانتارانی كورد هۆشداری لەدۆخی خانەقین دەدەن

عیراق

18/05/2019‌ 316 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پەرلەمانتارانی كورد لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هۆشدارییاندا، لەدۆخی خانەقین، بەوەی "وەك لای هەمووان ئاشكرایە لەماوەی رابردوودا لەسنووری خانەقین و گوندەكانی دەوروبەری لەلایەن تیرۆرستان و چەند دەستێكی رەشی نادیارەوە، بە بەردەوامی هەوڵی شێواندن و زیانپێگەیاندنی هاووڵاتیان و جوتیارانی ناوچەكە دەدرێت، بەو هۆیەشەوە زیاتر  لە 40 شەهیدی هاووڵاتی و هێزە ئەمنیەكانی سنورەكەی لێكەوتووەتەوەو زیانێكی زۆری ماددیشی بەناوچەكە گەیاندووە".

پەرلەمانتاران راشیانگەیاندووە "وەك دیارە  هەر بەوەشەوە نەوەستاون و ئێستا لەكاتی دروێنەكردنی رەنجی یەك ساڵەی جوتیارانی سنورەكە، ئەم دەستە رەشە هەستاون  بە سوتاندنی دەخڵ و دانی هاووڵاتیان و ئاگر تێبەردان و رووخاندن و بۆمبڕێژكردنی زەوی و زاری گوندەكان،  لەماوەی هەفتەیەكدا چوار هاووڵاتی  شەهیدبوون  كەیەكێكیان مامۆستایە".

هەروەها رایانگەیاندووە، سەرەڕای ئیدانەكردنی ئەو تاوانە قێزەونانەو ئەو هەوڵ و پیلانە رەشانەی تیرۆرستان و ئەو دەستانەی كە چاویان  بەئارامی و پێگەوە ژیانی شارەكە هەڵنایەت، پێویستە دەست بەجێ، سەرۆكایەتی كۆمارو، سەرۆك وەزیران و سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق،  لایەنە پەیوەندیدارەكان لەحكومەتی هەرێمی كوردستان بێنە سەر هێڵ و رێگەی پێویست و خێرا بگرنە بەر بۆ رێگەگرتن لە و زوڵم و ستەمەی بەرامبەر بەشاری خانەقین و دانیشتوانەكەی دەكرێت".

باسیان لەوەش كردووە، لەئێستادا هەمووان، لەبەردەم دۆخێكی ناهەمواردا دەژین‌و لەبەردەم مەترسی بەجێهێشتنی بەكۆمەڵی ناوچەكەو زەوی و زاری جوتیارانداین، ئێمەش وەك نوێنەرانی كورد، ئەم بابەتەمان لەنێو پەرلەمانی عیراق وروژاند، بۆ ئەوەی سەرجەم لایەنەكان رووی راستەقینەی ئەم ناحەقیانە ببین و چارەسەرێكی بەپەلە بدۆزنەوە.

هـ ـ ح