ئه‌میرێكی داعش لە موسڵ دەستگیرکرا

عیراق

20/05/2019‌ 230 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی بەرگری عێراق ئەمڕۆ هەواڵی دەستگیرکردنی یەکێک لە سەرکردەکانی تاقمی تیرۆریستی داعشی لەشاری موسڵ ڕاگەیاند.

ناوەندی ڕاگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەمڕۆ لە بەیاننامەیەکیدا ڕایگەیاند، کە پۆلیسی پارێزگای نەینەوا سەرکردەیەکی ڕێکخراوی داعشی بەناوی "جهادالانصاری" پاش ئۆپەڕاسیۆنێکی وردی هەواڵگریی دەستگیرکردووە.

لەبەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری عێراق ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، "تیرۆریستی دەستگیرکراو، پلەی ئەمیری هەبووە و بەرپرسی کەتیبەی هاوەن هاوێژەکان لەناوچەی سەهل-ی نەینەوای لەئەستۆدا بووە و ئۆپەڕاسیۆنی دەستگیرکردنی ئەم تاوانبارەش، لەبەشی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ ئەنجامدراوە.

وەزارەتی بەرگری عێراق ده‌شڵێت، "شانە نووستووەکانی داعش هێشتا لە عێراقدا ماون و لەپاش شکستی داعش لەساڵی 2017چالاکی ئەم ڕێکخراوە لەڕۆژئاوای پارێزگای ئەنبارو ڕۆژهەڵاتی دیالەو باکووری شارەکانی نەینەوا، کەرکووک و سەلاحەددین زیاتر بووە".

وەزارەتی بەرگریی عێراق هەروەها ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووش بەدەرکردنی بەیاننامەیەک ڕایگەیاندبوو، کە ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی نوێی لە باشووری ڕۆژئاوای موسڵ بەئامانجی ڕەدووکەوتنی ئەم شانە نووستوانەی ڕێکخراوەکەی دەستپێکردووە.

لەماوەکانی ڕابردووشدا نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاندبوو، کە نزیکەی 30 هەزار ئەندامی داعش هێشتا لەعێراق وسوریادان کە لەگەڵ شکستی ڕێکخراوەکەشیان لەعێراق وسوریا، دەتوانن هێرشی تیرۆریستی ئەنجامبدەن.

وەرگێڕان: یاسین نادر