مەترسی هەیە.. زەریای هیندی پڕ بووە لەپاشماوەی پلاستیكی

جیهان

21/05/2019‌ 695 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەدان ملیۆن پارچەی پلاستیكی لە زەریای هێمندا بڵاوبوونەتەوە ، زاناكانیش ئەوە وەك ئاماژەیەكی نوێ بۆ  تەشەنەسەندنی  دیاردەی پیسبوونی ژینگەی جیهان هەژمار دەكەن .

بەتێكرایی زیاتر لە ٤٠٠  ملیۆن پارچە پلاستیك، كە كێشی هەموویان دەگاتە ٢٣٨ تۆن لە كەناراوەكانی كۆمەڵە دوورگەكانی كۆكۆس كەڵەكە بووە ، كە لە ٢٧ دورگەی بچووك پێكدێت و سەدان كەسیان لێنیشتەجێیە و ٢١٠٠ كیلۆمەتر لە رۆژئاوای ئوسترالیا دوورە .

زانای زیندەوەرزانی جینیفەر لاڤرز دەڵێت ئەو پاشماوە پلاستیكیانە تەنیا بەشێكی بچووكی دیاردەكەن .

ئەو تویژەرە لە زانكۆی تەسمانیا بە ئاژانسی فرانس پریسی گوتووە " ١٥ ساڵە خەریكی لیكۆڵینەوەم لەسەر ئەو كۆمەڵە دوورگە دابڕاوە ، هەموویان زیانی هاوشێوەیان پێگەیشتووە".

تیمی توێژینەوەكە دەڵێن: ئەو برە پلاستیكەی لە چینە جیاوازەكانی ناو لمی كەناراوی دەریا و زەریاكاندایە ٢٦ جار لەو برە زیاترە كە لەسەر ڕووی لمەكە هەیە ، بۆیە ئەو لێكۆڵینەوەیە ئەوەی دەرخست كە كێشەكە زۆر لەوە گەورەترە وەك پێشبینی دەكرا.

تائێستاش بەرهەمهێنانی جیهانی پلاستیك هەر زیاد دەكات ، نیوەی زیاتری پلاستیكی بەرهەمهێنراو  بۆ ئەو  ٣٠ ساڵەی دوایی  دەگەڕێتەوە ، ئەوەش وادەكات ملیۆنان تۆن پلاستیك بخرێنە ناو دەریا و زەریاكان ، ئەوەش مەترسی لەسەر سامانی ئاژەڵی ناو دەریاكان درووست دەكات .

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی