هۆشدارى دەدرێتە هەرێم.. شەش مانگ لەبەردەم حکومەتى هەرێمدایە بۆ رادەستکردنى نەوت بە بەغدا

عیراق

21/05/2019‌ 1851 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتى هەرێمى کوردستان تەنیا شەش مانگى لەبەردەم دا ماوە بۆ رادەستکردنى ئەو بڕە نەوتەى بۆى دیارکراوە لە بودجەى گشتى عێراقدا.

 

بەپێى یاسای بودجەى ساڵى ٢٠١٩ى عێراق دەبێت حکومەتى هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل رادەستى بەغدا بکات، بەڵام هەرێمى کورداستان تائێستا ئەو بڕە نەوتەى رادەست نەکردوە.

 

یاساى بودجەش تەنیا بۆ ساڵێکەو لەئێستادا پێنج مانگ تێپەڕیکردوە و تەنیا شەش مانگى ماوە لەبەردەم حکومەتدا نەوت رادەست بکات.

 

بەرپرسێکى باڵاى کورد لە بەغدا کە نەیوست ناوى بهێنرێت بە شارپرێسى راگەیاند، لایەنە شیعەکان بەسە عادل عەبدولمەهدیان راگەیاندوە کە پێویستە چیتر پارەى هەرێم رەوانە نەکرێت، بەڵام سەرۆک وەزیران رەتیکردوەو رایگەیاندوە لەیاساى بودجەدا ناردنى ئەو پارەیە هاتووەو ئەویش پابەندى یاسایە.

 

ئەو بەرپرسە ئاشکراشى کرد، سەرۆک وەزیران بەو لایەنانەى راگەیاندوە ئەو پێشبینى دەکات هەرێم نەوت رادەست نەکات، بۆیە لە بودجەى ساڵى داهاتوودا پەرلەمان دەتوانێت ئەو بڕەگەیەى ئەمساڵى تایبەت بە هەرێم نەخاتە بودجەوە.

 

هەروەها بەوتەى بەرپرسەکەى کورد، سەرۆک وەزیرانى عێراق لەگەڵ پەرلەمانتارە کوردەکان رایگەیاندوە، هەرێم ئیحراجى بۆ ئەویش و بۆ پەرلەمانتارە کوردەکانیش دروستکردوەو داواشى کردوە فشار لەسەر هەرێم بکەن بۆ رادەستکردنى نەوت ئەگەرنا بەدوورى دەزانێت لە بودجەى ساڵى داهاتوودا بڕگەکانى بودجەى ئەمساڵ بۆ هەرێم جێگیر بکەنەوە.

س.هـ