نموونەی سەدام‌و كوبا دەهێنێتەوە
نوری مالیكی: هیچ وڵاتێك بەگەمارۆكان ناڕوخێت

عیراق

24/05/2019‌ 1019 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا باسی لەوە كردووە، هیچ وڵاتێك لەرێگای سەپاندنی گەمارۆی ئابوورییەوە نارووخێت ، بۆ ئەوەش ئەزموونی كوبا و ڕژیمی پێشووی عێراقی هێناوەتەوە، كە گەمارۆكان نەبوونە هۆی ڕووخاندنیان .

مالیكی لەلێدوانێكیدا لەكاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی یادی ٣٨ ساڵەی دامەزراندنی ڕێكخراوی بەدر رایگەیاند، لەژێر سایەی هەڵكشانی گرژییەكانی نێوان ئێران و وڵاتە یەكگرتووەكان ، عێراق و ناوچەكە لە ڕەوشێكی تایبەت و نائاساییدا تێدەپەرێت.

ناوبراو ئەوەشی راگەیاند، ناوچەكە وەك موگناتیسێكی لێهاتووە بۆ راكێشانی چەك و گەشتیگەلە سەربازییەكان .

سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا هۆشداریداوە لەڕوودانی جەنگی نێوان ئێران‌و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا  بەوەی ئەگەر ئەو جەنگە رووبدات ئەوە وەك جەنگەكانی پێش خۆی نابێت ، بەڵكو هەموو وڵاتانی ناوچەكەش لەگەڵ خۆی دەگرێتەوە، بۆیە داوای كرد، كە عێراق رۆڵی خۆی بگیڕێت لەرێگرتن لە ڕوودانی ئەو جەنگە .

هەر لەو بارەیەوە مالیكی باسی كاریگەری گەمارۆ ئابوورییەكانی كرد لەسەر رووخانی رژێمەكان و راشیگەیاند، گەمارۆ هیچ رژیمێك نارووخێنێت ، كوبا چەندین ساڵە گەمارۆی لەسەرە بەڵام هەر ماوە ، هەروەك چۆن رژێمی سەددام گەمارۆكان نەیانرووخاند.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی