شارپرێس:
ئاژانسی رۆیتەرز رووپێوییەكی كردووە و تێیدا دەركەوتووە، كە سعودییە لەماوەی مانگی ئایاردا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بەرزكردووەتەوە ، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی بتوانێت قەرەبووی دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران بكاتەوە .
هەر بەپێی رووپێوییەكە وڵاتانی ئۆپیك لەمانگی ئایاردارۆژانە ٣٠،١٧ ملیۆن بەرمیل نەوتیان بەرهەمهێناوە ، كە ئەو ڕێژەیە ٦٠ هەزار بەرمیلی لە هی مانگی نیسان كەمترە ، بەجۆرێك بەرهەمهێنانی مانگی ئایار كەمترین ئاستی بەرهەمهینانی نەوتی ئۆپیك بووە لەوەتەی ساڵی ٢٠١٥ وە .
رووپێویەكەی رۆیتەرز ئەوەشی ئاشكراكردووە، سەرەرای ئەوەی سعودییە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی بەرزكردووەتەوە ، بەڵام هیشتا لەو برە كەمتر بەرهەم دەهێنرێت، كە بەپێی رێكەوتننامەی بەرهەمهێنان رێگە بەئۆپیك دراوە و لەئەمساڵەوە كاری پێدەكرێت .
سەرەرای ئەوەی خستنەڕووی نەوت كەمی كردووە ، بەڵام نرخی نەوت لەماوەی شەش مانگدا لە بەرزترین ئاستییەوە، كە ٧٥ دۆلار بو بۆ بەرمیلێك هاتە خوارەوە بۆ ٦٨ دۆلار ، ئەوەش لەژێر گوساری مەترسییەكانی كاریگەری ململانێی بازرگانی نێوان چین و وڵاتە یەكگرتووەكان كە دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی گەشەی ئابووری جیهان .
هاوپەیمانی ئۆپیك پڵەس، كە لە ئەندامانی ئۆپیك و روسیا و هەندێ بەرهەمهێنەری سەربەخۆ پێكدێت ، لە كانوونی یەكەم ریككەوتن لەسەرەتای مانگی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە بەرهەمهێنان بە قەبارەی ١،٢ ملیۆن كەمبكەنەوە.
پشكی ئۆپیك لەو كەمكردنەوەیە ٨٠ هەزار بەرمیلە و ١١ وڵاتی ئەندام ئۆپیك دەگریتەوە بەدەر لە ئیران و ڤەنزوێللا و لیبیا .
بڕیاریشە لەمانگی حوزەیران بەرهەمهێنەرانی نەوت كۆببنەوە بۆئەوەی جارێكی تر بڕیار لەسەر ئەوە بدەن ڕێكەوتنەكە درێژ بكەنەوە یان هەمواری بكەنەوە .
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی