پەرلەمانی عێراق هەرێم ناچار دەكات داهاتی نەوت رادەستی بەغدا بكات

عیراق

30/06/2019‌ 1810 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت دەكاتەوە، كە حكوومەتی ناوەندی و فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی پابەند دەكەن بەوەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم رابگرن، ئەگەر هاتوو هەرێمی كوردستان پابەند نەبوو بە گێڕانەوەی داهاتی ئەو نەوتە فرۆشراوەی رێكەوتنی لەسەر كراوە.

سیهام عوقەیلی ئەندامی لیژنەی دارایی لە لیدوانێكیدا بە پێگەی "مەعلوومە"ی راگەیاندووە، لیژنەكەیان راپۆرتی خۆی لەسەر رادەستنەكردنی داهاتی نەوتی فرۆشراوی هەرێم بە بەغدا ئامادە كردووە ، بەڵام هێشتا راپۆرتەكە لە پەرلەمان نەخراوەتە ڕوو.

لەبەشێكی تری قسەكانیدا عوقەیلی راشیگەیاندووە، ئەو راپۆرتەی لیژنەی دارایی ئامادەی كردووە هەرێم پابەند دەكات بەوەی داهاتی فرۆشتنی  ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، كە ڕێكەوتنی لەسەر كراوە بگێرێتەوە بۆ بەغدا.

ئەو پەرلەمانتارە ڕوونیشی دەكاتەوە  ئەگەر هەرێم هەر ئامادە نەبوو داهاتی نەوتی فرۆشراو لەڕێگای كۆمپانیای سۆمۆوە بگێڕێتەوە ، ئەوە بەپێی راپۆرتەكە فوئاد حوسێنی وەزیری دارایی پابەند دەكرێت بەوەی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رابگرێت.

بەپێی یاسای بودجەی عێراق، دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بكات‌و حكومەتی عێراقیش لەبەرانبەردا بودجەو موچەی فەرمانبەران بۆ هەولێر دەنێرێت.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی