پلەی گەرمی بەرز زیانی بۆ مۆبایلە هۆشمەندەكان هەیە

هەمەڕەنگ

01/07/2019‌ 507 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
راپۆرتە جیهانییەكان باس لەوە دەكەن، كە پلەی گەرمی بەرز زیان بە ئامێرە هەڵگیراوەكانی وەكو مۆبایلی زیرەك و لاپتۆپ  دەگەیەنێت و تەمەنی دیاریكراوی پاتری مۆبایلەكان كەمدەكاتەوە و پێكهاتەكانی ئەو ئامێرانە وەكو شاشەكەی تێكدەدات.

بۆ دووركەوتنەوە لەو زیانانە ، گۆڤارێكی ئەڵمانی ئامۆژگاری بەكارهێنەرانی ئەو ئامێرانە دەكات بەوەی مۆبایلی زیرەك و لاپتۆپەكانیان بپارێزن لەوەی راستەوخۆ بەر تیشكی خۆر نەكەوێت ، بەتایبەت مۆدێلە رەشەكانیان لەبەر ئەوەی گەرمی زیاتر بەردەكەوێت .

ئەو راپۆرتانە دەڵێن مۆبایل و لاپتۆپ ناكرێت لەناو ئۆتۆمبێل بەجێبهێڵرێن ، لەبەر ئەوەی پلەی گەرمای ناو ئۆتۆمبێل زۆر بەرز دەبێتەوە ، ئەگەر هەر ناچاریش بوویت بەجێیان بهێڵیت ئەوە واباشترە بخرێتە سندووقی دواوەی ئۆتۆمبێلەكەوە.

ئەگەر هات و بەهەڵە مۆبایلەكەت راستەوخۆ لەبەردەم جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێل یان شووشەی پەنجەرەی ماڵەوە یان نووسینگە دانا ، پێویستە ئامێرەكە بەهێواشی سارد بكەیتەوە  ، لەبەر ئەوەی هەوڵدان بۆ ساردكردنەوەی خێرای ئەو ئامێرانە زیانی زۆریان پێدەگەیەنن ، چونكە بەهۆی ئەو جیاوازییە زۆرەی لە نێوان ئەو دوو پلە گەرمییەدا هەیە دەبێتە هۆی كۆبوونەوەی ئاو لەناویاندا ،بۆیە گونجاو نییە ئەو ئامێرانە بۆ خێرا ساردكردنەوەیان بخرێنە ناو بەفرگرەوە.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی