ڤیدیۆ.. فڕۆكەیەك بەهۆی باڵندەوە نزیك بوو تێكبشكێت

جیهان

02/07/2019‌ 567 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەكاتی راهێناندا، فڕۆكەوانێكی هیندی دوای ئەوەی فڕۆكەكەی هەڵدەستێت، بەناو پۆلێك باڵندیەكدا تێپەڕ دەبێت، ئەمەش كێشەیەكی زۆر بۆ فڕۆكەكە دروست دەكات و خەریك دەبێت بكەوێتە خوارەوە، ئەمەش فڕۆكەوانەكە ناچار دەكات كۆمەڵێك مەتارەی سووتەمەنی لەدواوەی فڕۆكەكەوە بخاتە خوارەوە، كە دەبنە هۆی تاقینەوەیەكی ئاگراوی.

دوای ئەوەی بەر پۆلە باڵندەكە دەكەوێت، یەكێك لەمەكینەكانی فڕۆكەكە لەكار دەكەوێت، ڕاستەوخۆ دوای ئەوە فڕۆكەوانەكە چی مەتارەی سووتەمەنی‌و كەلوپەلی زیادە هەیە فڕێی دەداتە خوارەوە بۆ ئەوەی بتوانێت نیشتنەوەی لەناكاو ئەنجام بدات، ئەو سووتەمەنییەش، كە دەیخاتە خوارەوە تەقینەوەیەكی گەورە لەكێڵگەیەكدا دروست دەكات. 

بەهۆی كاردانەوە خێراكەیەوە، فڕۆكەوانەكە خۆی لە تێكشكانێكی كوشندەی فڕۆكەكە لادا و ژیانی سەرنشینەكانیشی ڕزگار كرد، بەڵام باڵندەكان بەخت یاوەریان نەبوو.

بەرپرسانی سەربازی هیندی ستایشی فڕۆكەوانەكەیان كرد بۆ ئەو كارە گرنگەی لەو كێشە خێرایەدا ئەنجامی داوە.

بەهۆی فڕیدانە خوارەوەی سووتەمەنی و كەلوپەلەكانی دیكە، كێشی فڕۆكەكە سوكتر بووە و ئەمەش نیشتنەوەكەی ئاسانتر كردووە.

لە دۆخی ڕووداوی لەم شێوەیەدا، فڕۆكەوانان ڕاهێنراون كە هەموو كەلوپەلێكی زیادەی وەك سووتەمەنی و بۆمب بخەنە خوارەوە بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی فڕۆكەكە لە دەست فڕۆكەوانەكە دەر نەچێت.

لەو ڕووداوەدا جگە لە باڵندەكان، هیچ زیانێكی گیانی دیكە نەكەوتەوە.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز