شارپرێس:
نیكۆتین ئەو بەشەی جگەرەیە كە جگەرەكێشەكان ئالوودە دەكات، وا لە بەكارهێنەری جگەرە دەكات بەردەوام بێت لە كێشانی.
بەپێی زانیارییە پزیشكییەكان نیكۆتین هەشت رۆژ لە خوێندا دەمێنێتەوە و دوای ئەوە زۆربەی لە میزدا دەكرێتە دەرەوە. ئەوەیش كە دەمێنێتەوە گۆڕانی بەسەردادێت و دەبێت بە ماددەیەك بەنێوی كوتینین، ئەمەیان تاكو مانگێك لە كێشانی دوا جگەرە لە جەستەدا دەمینێتەوە.
توێژینەوە زانستییەكان دەریانخستووە هەندێك خۆراك وادەكەن جەستە زووتر لە نیكۆتین و كاریگەرییەكانی خاوێن ببێتەوە، كە ئەمانە هەندێكیانن:
1-سەوزە گەڵاپانەكان:
كاری نیكۆتین لەسەر جەستە كەمتر دەكەنەوە. لە نموونەی ئەمانەش قەرنابیت، كەلەرم و هاوشێوەكانیان. دەگوترێ هۆكاری ئەم كاریگەرییەیان، دەوڵەمەندییانە بە رەگەزی فۆلیك ئەسید.
2-بیبەر:
ڤیتامین سی هانی جەستە دەدات زوو لە نیكۆتین رزگاری ببێت و تەنانەت هەندێك توێژینەوە دەڵێن بەشێك لە كاریگەرییە ژەهرینەكانی نیكۆتین كەمدەكاتەوە. كە باسی ڤیتامین سی دەكرێت، خێرا پرتەقاڵ و لیمۆمان بیردەكەوێتەوە، رەنگە نەزانین بیبەر بەگشتی و بیبەری زەرد بەتایبەتی، لە پرتەقاڵ و لیمۆ دەوڵەمەندترن بە ڤیتامین سی.
3-سندی:
توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستووە خواردنەوەی لیترێك لە شەربەتی سندی بە راددەی 88% كردنە دەرەوەی نیكۆتین لە جەستەدا خێراتر دەكات. بەڵام ئەو كەسانەی دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان بەكاردێنن، نابێ بەبێ راوێژی پزیشك بڕی زۆر لە سندی و شەربەتەكەی بخۆن، چونكە كار لە دەرمانەكان دەكات و كاریگەرییان كەم یان زیاددەكات و ئەوەش نەخوازراوە.
4-زەنجەفیل:
كاریگەرییە ژەهرینەكانی نیكۆتین كەمدەكاتەوە
5-بلوبێری و هاوپۆلەكانی:
تاكو راددەی ترشی میز زیاتربێ، بە خیراییەكی زیاتر نیكۆتین فڕێ دەداتە دەرەوەی لەش. راددەی ترشی ئەمانە زۆرە و بەو رێگایە وادەكات نیكۆتین بە خێرایی لە میزەوە بكرێتە دەرەوە.
6-ئاو:
نیكۆتین جەستە وشكدەكاتەوە. ئاویش فڕێدانە دەرەوەی نیكۆتین لە جەستەدا خێرادەكات. بۆیە ئاو خواردنەوە لە دوو رووەوە گرنگە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نیكۆتین و كاریگەرییەكانی.
س.هـ