عێراق هاوردەكردنی هەندێك كولوپەلی توركی قەدەغە دەكات

عیراق

04/07/2019‌ 1401 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەیەكی توركی ئاشكرایكردووە، دەسەڵاتدارانی عێراق هاوردەكردنی ژمارەیەك كەلوپەلی توركیان قەدەغە كردووە .

بەگوێرەی رۆژنامەی "زەمان"ی توركی دەسەڵاتدارانی عێراق سەرلەنوێ هاردەكردنی كۆمەڵێك كەلوپەلی توركیان قەدەغە كردووە ، ئەوە لەكاتێكدا چاوەڕێ دەكرا دوای سەردانی روخسار بەكجان وەزیری بازرگانی توركی بۆ بەغدا ، عێراق رێوشوێنی ئەرێنی بگرێتەبەر بۆ لابردنی ئەو ئاستەنگە بازرگانییەی لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی بازرگانی نێوان هەردوو وڵات بۆ ٢٠ ملیار دۆلار .

رۆژنامەكە ئاماژەی بۆ ئەوەش كردوووە، كە لە مانگی ئایاری رابردوو عێراق هاوردەكردنی هێلكەی توركی قەدەغە كردووە ، هەروەك لە مانگی حوزەیرانیش هاوردكردنی شەربەت و ساردەمەنی لە توركیا قەدەغە كرد ، تا لەم دواییە هاوردەكردنی خوێ و مەعكەرۆنی و شعرییەی توركی بۆ عێراق قەدەغە كرا .

ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی وەزیران لەدوای ٦٠ رۆژ دەچێتە بواری جێبەجێكردن و  ماوەی ساڵێك بەردەوام دەبێت .

رۆژنامە توركییەكە لەسەر زاری عەبدول قەدیر كولاهشی ئۆغڵو سەرۆكی كۆمەڵەی بەرهەمی مەعكەرۆنی توركی گواستوویەتییەوە، لەگەڵ بڕیارەكەی بەغدا هەناردەكردنی مەعكەرۆنی توركی بۆ عێراق بەتەواوەتی وەستاوە ، پێشی وایە هۆكاری ئەو بڕیارەی بەغدا بۆ خراپی پەیوەندییە سیاسییەكانی نێوان عێراق و توركیا دەگێڕێتەوە و جگە لەوەی عێراق دەیەوێت بەرهەمی ناوخۆیی لە مەعكەرۆنی پەرەپێبدات.

وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی