گەلەئەستێرەیەك بەئاڕاستەی زەوی دێت‌و دەشێت كۆتایی بەژیان بهێنێت

هەمەڕەنگ

06/07/2019‌ 3746 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بە گوێرەی كۆمەڵێك لێكدانەوەی زانستی سەرسوڕهێنەر، گەلە ئەستێرەیەكی نزیك لەڕووداوێكی كارەساتباردا ڕەنگە خۆی بكێشێت بەگەلەئەستێرەی كاكێشاندا و كۆمەڵەی خۆریش بشێوێنێ.

زانایانی فیزیای زانكۆی دورهام لەڕێگەی بەرنامەیەكی كۆمپیوتەرییەوە جوڵەی ئەو گەلەئەستێرەیان لێك دایەوە، كە بە دەوری ڕێگەی كاكێشاندا دەسوڕێتەوە.

دۆزینەوەكەیان سەرسوڕهێنەر بوو، كاتێك زاناكان گەیشتنە ئەو دەرئەنجامەی، كە گەلە ئەوستێرەكە ڕاستەوخۆ خۆی دەكێشێت بە گەلەئەستێرەكەی ئێمەدا.

هەرچەندە، كە ئەو گەلە ئەستێرەیە ٦٣ هەزار ساڵی ڕووناكی دوورە لێمانەوە و لە ئێستادا بە خێرایی ٢٥٠ میل لە چركەیەكدا لێمان دوور دەكەوێتەوە، بەڵام دواتر هێواش دەبێتەوە و بە ئاڕاستەی ئێمە دەگەڕێتەوە.

پێكدادانەكە هەموو گەلەئەستێرەی كاكێشان دێنێتە لەرزە و هەرچەندە ڕەنگە ڕاستەخۆ كار نەكاتە سەر كۆمەڵەی خۆر، بەڵام دەشێت كۆمەڵەی خۆر لە گەلەئەستێرەی كاكێشان بێنێتە دەرەوە بەرەو بۆشایی.

ئەو پێكدادانە ئەستێرەكان دەجوڵێنێ و ڕەنگە سیستمی هێزی كێشكردن بشێوێنێ و سووڕانەوەی هەسارەكانیش بگۆڕێت. گەر كەمێك جیاوازی بخاتە دووری زەوی لە خۆرەوە، ئەوا دەشێت زەوی زۆر سارد یان گەرم ببێت و بە كەڵكی ژیان نەمێنێت.

بەڵام لە ئیستادا پێوست بە ترس ناكات، بەختەوەرانە ئەو پێكدادانی گەلەئەستێرانە تا ٢،٥ ملیار ساڵی دی ڕوو نادات.

لە لایەكی ترەوە زانایان دەڵێن كە ڕەنگە ئەم پێكدادانە گەلەئەستێرەی كاكێشان بگەڕێنێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. لە ئێستادا گەلەئەستێرەكەمان نا ئاساییە بەوەی كە كونێكی ڕەشی بچووكی تێدایە و بەراورد بە گەلە ئەستێرەكانی دی ئەستێرەی كەمە. 

بەهۆی ئەم پێكدادانەوە ڕەنگە ئەو كونە ڕەشە بە قەبارەی هەشت ئەوەندە گەورە ببت و تا ئاستێك گەلە ئەستێرەی كاكێشان بگەڕێنێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

وەرگێڕان: هێمن عەزیز