كێشمەكێش و ململانێكان لەسەر كەركوك بەردەوامیان هەیە

عیراق

06/07/2019‌ 484 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
گفتوگۆكان بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك لە نێوخوی هەرێمی كوردستان و بەغداش بەردەوامن، بەڵام تا ئێستا هەنگاوی كرداری نەنراوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێكەوتنانەی لە ئەنجامی گفتووگۆكان هاتوونەتە ئاراوە.

لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لە گفتوگۆی بەردەوامدان لەسەر كاندیدكردنی كەسێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، لەسەر ئاستی بەغداش گفتوگۆ لەبارەی ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو پارێزگایەو گەڕانەوەی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێت.

هەرچەندە ناو بەناو بەرپرسانی كورد باس لە دروستبوونی لێكتێگەیشتن لەگەڵ بەغدا لەسەر كەركوك دەكەن، بەڵام بەڕای چاودێران ئەوەی كورد لەبارەی ئەو شارەوە داوایدەكات، بەغدا بە ئاسانی ناچێتە ژێر باری جێبەجێكردنی.

لەتیف فاتیح فەرەج نووسەر و چاودێری سیاسی، گومانی هەیە پارتی دیموكراتی كوردستان ڕازی بێت بە كاندیدكردنی كادرێكی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك.

ناوبراو بەدەنگی ئەمەریكای وت: تەنانەت گەر یەكێتی و پارتیش لەسەر كاندیدێك رێكبكەون، عەرەب و توركمان بە ئاسانی ڕازی نابن ئەو پۆستە بە كورد بدرێت، بۆیە كێشمەكێش لەسەر كەركوك درێژەی دەبێت.

هـ ـ ح