شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا رایگهیاند، پێویستە لەسەر ئەوروپا بە یەکگرتوویی بمێننەوە لە هەوڵیاندا بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ئێران، ئاماژەشی بەوەدا دەبێت تاران پاشگەزبێتەوە لەو بڕیارەی کە داویەتی و دەڵێت پابەند نابێت بە بەندەکانی ڕێکەوتنەکەوە.
ژان ئیڤ لۆدغیان، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە بنکەی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە بڕۆکلس رایگهیاند، "پێویستە لەسەر ئەوروپییەکان یەکگرتووییان بپارێزن لەم بابەتەدا."
راشیگهیاند، "بڕیاری ئێران بۆ کەمکردنەوەی پابەندبوونی بە بەرپرسیارێتیەکانیەوە لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەدا وەکو وەڵامدانەوەیەکی خراپ و بڕیارێکی خراپ وایە."
لەلایەکی دیکەوە جێرێمی هەنت، وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا رایگهیاند، "هێشتا کات ماوە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنەکە و وتیشی وڵاتەکەی هاوڕا نیە لەگەڵ ئەمەریکادا لە شێوازی مامەڵەکردنیدا لەگەڵ ئێران".
هەنت رایشیگهیاند، "هێشتا ساڵێک لەبەردەم ئێراندا ماوە بۆ ئەوەی بۆمبی ناوەکیی بەرهەم بهێنێت، بەڵام هەلێکی کەم هەیە بۆ ڕزگارکردنی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە".
ه.م