یەکێتی و پارتی لەسەر دەنگدان بە پارێزگار رێککەوتوون

کوردستان

15/07/2019‌ 1756 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان رایدەگەیەنێت کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێککەوتوون کە پاڵێوراوی یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەنگی لەسەر بدرێت ، بۆ ئەوەش ئەندامانی هەردوو حزب کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا رێکدەخەن بۆ دەنگدان لەسەری و تێپەراندنی بە نیوە کۆ یەک .

غەیاس سورچی لەلێدوانێکیدا بە پێگەی "مەعلوومە" ی گوتووە " یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆمەڵێک پاڵێوراوی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووکی پێشکەش کرد تا لەسەر کەسایەتییەکی دیاریکراو بۆ ئەو پۆستە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان رێکبکەون ".

سورچی باسی لەوە کردووە کە دوای ئەوەی هەردوو حزب رێککەوتن تەیب جەبار وەک پاڵێوراوی یەکێتی ببێتە پارێزگاری کەرکووک ، چاوەڕێ دەکرێت لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئەندامانی یەکێتی و پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا کۆبوونەوەیەک رێکبخەن بەمەبەستی تێپەراندنی ئەو کاندیدە و دەنگدان لەسەری ".

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە هەردوو حزب خاوەنی نیوە زیاتری ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگان و دەتوانن پاڵێوراوەکە تێپەرێنن ، روونیشی کردۆتەوە کە گفتوگۆکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەگەڵ عەرەب و تورکمانەکان بەردەوام دەبێت تا بەشداری دانیشتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەن ببن.


وەرگێران: ئاکۆ عەبدوڵلا ئاڵی