شارپرێس: توێژەرێكی زانكۆی "یۆتاه"ی ئەمەریكی داهێنانێكی سەرنجراكێشی كردووە بەشێوەیەك پاتری مۆبایل، یان هەر ئامێرێكی ئەلیكترۆنی تر بتوانێت خۆی خۆی بارگاوی بكاتەوە بێئەوەی هیچ پێویست بەوە بكات بۆماوەیەكی دوورودرێژ بخرێتە سەر كارەبا . پرۆفیسۆر ماسیۆ فرانكویر ڕوونیكردۆتەوە كە چیپێكی بچووكی داهێناوە دەتوانێت سوود لەو گەرمییە زیادە وەربگرێت كە لە ئامێرە ئەلیكترۆنییەكە دەربچێت ( مۆبایل ، تابلێت ، لاپتۆپ) لەپێناو بەرهەمهێنانی كارەبایەكی زیاتر بەسوودوەرگرتن لە تیشكدانەوەی گەرمی. ئەو چیپە سلیكۆنییە نوێیە ناوی ئامێر "گاجێت"ی لێنراوە ، كە دەتوانێت وا لە پاترییەكانی ئەو ئامێرانە بكات تەمەنێكی زۆر درێژتریان هەبێت ، هەروەك دەتوانێت سوودی لێببینرێت بۆ بەرهەمهێنانی پلێتەكانی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر بە توانایەكی زۆرتر و خەرجییەكی كەمتر . ئەو لێكۆلەرە ئەمەریكییە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئو چیپە سلیكۆنییە سوود لەو وزە بەفیڕۆدراوە وەردەگرێت كە تەنیا بە گەرمبوونی پاترییەكە دەردەچێت ، بەڵام چیپە نوێكە یارمەتیدەر دەبێت بۆ ساردكردنەوەی مۆبایلەكە یان لاپتۆپەكە و گۆڕینی ئەو گەرمییە بۆ وزەیەكی سەربار بۆ پاترییەكە . درێژی ئەو گاجێتە تەنیا ٥ میلیمەتر دەبێت كەدەكرێت لكاندنی بە مۆبایلە زیرەكە نوێكان یان تابلێت یان لاپتۆپەكان بەردەست بێت . فرانكویر پێشبینی دەكات لە ئایندەدا ئەو تەكنەلۆژیایە نەوەك تەنیا هەر لەپێناو ساردكردنەوەی ئامێرە ئەلیكترۆنییە هەڵگیراوەكان بەكاربهێنێت وەك مۆبایلە زیرەكەكان ، بەڵام دەكرێت گەرمییەكە بۆ پاترییەكی تەمەن درێژتر بگۆڕێت بەڕێژەی ٥٠% . وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی