ئەردۆغان لەپێناو بەدەیهێنانی ئەجێندا تایبەتەكانی یاری بەخواستەكانی ئەوروپا دەكات

sharpress.net

363 جار خوێندراوه‌ته‌وه

18/07/2019‌

شارپرێس:
كۆن كۆگلان لە رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف بابەتێكی بەناونیشانی  "كاتی كۆتاییهاتنی ئەندامێتی توركیایە لە ئەندامێتی ناتۆ" نووسیوە و تێیدا باس لەهەوڵەكانی توركیا دەكات بۆ دووركەوتنەوە لە جیهانی رۆژئاوا.

نووسەر دەڵێت: لەماوەی ئەو ١٦ ساڵەی ئەردۆغان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست ، دەركەوتووە باش دەزانێت  چۆن لەمامەڵەكردنی لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا یاری بەهەڵوێستەكان بكات.

كۆگلان پێیوایە، كە ئەردۆغان لەپێناو بەدەیهێنانی ئەجێندا تایبەتەكانی خۆی یاری بە خواستەكانی ئەوروپا دەكات، كە دەیانەوێت پەیوەندییەكی باشیان لەگەڵ توركیا هەبێت ، ئەویش بەهۆی ئەوەی ئەو وڵاتە گرنگییەكی جیۆسیاسی گەورەی هەیە و بەردەوام دەیانەوێت پارێزگاری لەپەیوەندییەكی دۆستانە بكەن لەگەڵیدا .

هەروەك دەڵێت: لەكاتێكدا وڵاتانی ئەوروپا كاری لەپێشینەیان بەرەنگاربوونەوەی رێكخراوە تیرۆریستی و توندڕەوەكانی وەكو قاعیدە و داعش بووە، كەچی ئەردۆغان بەردەوام بوو لەپشتیوانیكردنی گرووپە ئیسلامییەكانی هاوشێوەی  ئیخوان موسلیمین.


نووسەر دەشڵێت: هەندێك راپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، كە لەشەری ناوخۆی سوریا دا توركیا پشتیوانی گرووپەكانی سەر بەقاعیدە دەكات ، بەڵام سەرەرای ئەو كار و كردەوانەی توركیا ، بەڵام هێشتا هەر ئەوروپا خواستی ئەوەی هەبووە، كە پەیوەندییەكی دۆستانەی لەگەڵ توركیا هەبێت‌و ئەو وڵاتەش لەچوارچێوەی هاوپەیمانێتی باكووری ئەتڵەسیدا بمێنێتەوە ، بۆیە دەبینین رۆژئاوا هەمیشە چاوپۆشی لەهەڵسوكەوتە بێزاركەرەكانی توركیا كردووە.

كۆگلان بۆچوونی وایە، كە ئەردۆغان بڕوای وایە پێگەی توركیا لەڕووی جیۆسیاسیانەوە  دەرفەتی ئەوەی دەداتێت بەئارەزووی خۆی هەڵسوكەوت بكات ، هەر ئەوەش وایلێكردووە هەنگاو بۆ كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی رووسی بنێت.

لەبەشێكی تری نووسینەكەیدا دەڵێت: ئەوانەی رەخنە لە مامەڵەی كڕینی چەكی روسی لەلایەن توركیاوە  دەگرن ، پێیان وایە كڕینی ئەو جۆرە چەكانەی، كە هەر لەبنەڕەتەوە بۆ خستنە خوارەوەی فرۆكەكانی ناتۆ دیزاین كراوە ، پرسیاری ئەوە دەوروژێنێت، كە توركیا تاچەند پابەندی ئەندامییەكەی دەبێت وەك ئەندامێكی ناتۆ .

ئەو بۆچوونەی دوایی بۆچوونی واشنتۆنە ، بۆیە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی ئەوەی كردووە ئەگەر بێت و توركیا مامەڵەكەی لەگەڵ روسیا تەواو بكات ، ئەوە كۆتایی بە بەشداریكردنی توركیا دەهێنێت لە بەرنامەی درووستكردنی فرۆكەی پێشكەوتووی "ئێف-٣٥".

لەكۆتاییدا نووسەری بابەتەكە دەڵێت: ئەو رۆژانە كۆتاییان هات، كە توركیا لەپێناو چوونە ناو یەكێتی ئەوروپا كاری لەسەر بەهێزكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ رۆژئاوا دەكرد، نەوەك هەر ئەوە بەڵكو ئێستا خەریكی پەرپێدانی پەیوەندییەكانییەتی لەگەڵ ئەو گرووپ و كەس و لایەنانەی هەوڵی ئازاردانی ئەوروپا دەدەن.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی





ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved