دروشمەکان شەقام دادەپۆشن..حکومەتى عێراق ترسى لە دووبارە زیندووبوونەوەى حزبى بەعس هەیە

عیراق

18/07/2019‌ 521 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

حکومەتى عێراق ترسى لە دووبارە زیندووبوونەوەى حزبى بەعس هەیە بەهۆى ئەو دروشمانەى لە خۆپیشاندانەکانى عێراق و کۆڕو کۆبوونەوەکاندا پیشان دەدرێن.

 

بەپێى راپۆرتە رۆژنامەوانییەکانى میدیاکانى عێراق ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق راپۆرتێکى لە دەزگاى هەواڵیرى پێگەیشتووە کە مەترسى ئەوە پیشاندەدات حزبى بەعس لە عێراق جارێکى تر خۆى رێکبخاتەوەو زیندوو بکاتەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، لە زۆرێک لە شەقام و خۆپیشاندان و کۆڕو کۆبوونەوەکان دروشمەکانى بەعس سەریان هەڵداوەو هاوڵاتیان لەبەشێک لە شارەکاندا دروشمى "سەدام بگەڕێوە بەعس بگەڕێوە" دەوترێتەوە.

 

هەروەها حکومەتى عێراق مەترسى خۆى نیشانداوەو جەختى لە رووبەرووبونەوەى هەر کەس و لایەن و گروپێک کردوە کە دروشمەکانى بەعس بەرز بکاتەوەو کار بۆ زیندبوونەوەى بکات.

 

لە سەرەتاى ئەم مانگەشدا ژنێک لە خۆپیشاندانەکانى شارى کەرکوک دروشمى "من نەك ھەر بەعسیم و سەدامیم" بەرزکردەوە، ئەوەش کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێناو هێزە ئەمنییەکان لەئێستادا بەدوایدا دەگەرێن.

 

بەپێى یاسایەک کە پەرلەمانى عێراق دەریکردوە بەناو ریشەکێشکردنى حزبى بەعس هەموو دروشم و کارکردن و بانگەشەکردنێک بۆ حزبى بەعس قەدەغە کراوەو سزاى توندى بۆ دانراوە

س.هـ