ئەگەر هەیە هەرێم رادەستیان بکات.. تورکیا داواى رادەستکردنەوەى تۆمەتبارەکانى رووداوەکەى هەولێر دەکات

کوردستان

20/07/2019‌ 2172 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

هێزە ئەمنییەکانى هەولێر دەستگیرکردنى دوو تۆمەتبارى رووداوەکەى هەولێریان راگەیاندو حکومەتى تورکیاش داواى رادەستکردنەوەیان دەکات.

 

 بەپێى بەدواداچونێکى شارپرێس کە لەسەرچاوەیەکى بەرپرسى حکومەتى هەرێمەوە دەستیکەوتووە دواى دەستگیرکردنى تۆمەتبارەکانى رووداوەکەى رۆژى چوار شەممەى رابردووى ریستۆرانتەکەى هەولێر حکومەتى تورکیاو دەزگاى میت داواى رادەستکردنەوەى ئەو تۆمەتبارانەیان لەهەرێم کردوە.

 

هەر بەپێى زانیارییەکان بەرپرسانى تورکیا ئاماژەیان بەوە کردوە، ئەو تۆمەتبارانە لەدادگاکانى خۆیان دادگاییان دەکەن بەو پێیەى ئەوانە خەڵکى تورکیان و هاوڵاتى تورکیایان کوشتووە، بۆیە دەبێت رادەستى ئەوان بکرێتەوە.

 

شارپرێس ئەوەشى زانیوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکانى هەرێم لەگفتوگۆدان بۆ ئەوەى ئەو تۆمەتبارانە رادەستى تورکیا بکەنەوە یان لە هەرێم دادگایی بکرێن، بەڵام بەپێى هەموو ئاماژەکان و بەپێى ئەو فشارانەى تورکیا لەسەر هەرێم دەیکات بۆ رادەستکردنەوەیان پێدەچێت لە چەند کاتژمێرى داهاتوودا هەردوو تۆمەتبارەکە رادەستى ئەو وڵاتە بکرێنەوە.

 

رۆژى چوارى شەممەى رابردوو سێ چەکدار لە رێستۆرانتێکى شارى هەولێر هێرشیان کردە سەر چوار کەس و دوانیان کوشتوو یەکێکیشیان بریندار بوو کە دوو لەو کەسانە کارمەندى میتى تورکیا بوون و دووانەکەى تریش خەڵکى هەرێمى کوردستان بوون.

 

ئەمرۆ شەممەش هێزە ئەمنییەکانى هەولێر دەستگیرکردنى دوو تۆمەتباریان بەناوەکانى (مەزلوم داغش،محه‌مه‌د بیسكسز)  دەستگیرکرد.

 

شارپرێس پەیوەندى کرد بە ژمارەیەک بەرپرسى ئەمنیى هەولێر، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو بابەتە بدەن.

س.هـ