شارپرێس:
كۆمپانیای نۆرالیك (Neuralink) رایگەیاند، كار لەسەر بەستنەوەی میشكی مرۆڤ بە كۆمپیوتەرەوە دەكەن ، بۆ ئەوەش هەوڵ دەدەن ساڵی داهاتوو ئەوە بكەنە راستی .
ئەو تەكنیكەی كۆمپانیای نۆرالیك (كە ئیلۆن ماسك ملیاردێری ئەمەریكی یەكێك لە دامەزرێنەرانییەتی ) كار لەسەر پەرەپێدانی دەكات ، پشت بە چاندنی ئامێرێكی بچووك لەناو مێشكی مرۆڤ دەبەستێت ، بەوەش بەشێوەیەكی بەرچاو توانا زانینەكییەكانی زیاد دەكەن .
ماكس هودالی سەرۆكی كۆمپانیاكە كە ساڵی ٢٠١٧ دامەزراوە دەڵێت بۆ دەستپێكردنی تاقیكردنەوەكانیان لەسەر مرۆڤ لە ساڵی داهاتووەوە ،هەوڵ دەدەن رەزامەندی ئیدارەی دەرمان و خۆراكیی ئەمەریكی (FDA) بەدەست بهێنن .
كۆمپانیاكە دەیەوێت چوار كون بە قەبارەی ٨ میلیمەتر لە كاسەسەری ئەو كەسانە بكات كە تووشی ئیفلیجی بوون ، تاوەكو ئەو ئامێرانە لەمێشكیان بچێنێت ، بەوەش توانای لەڕێگای بیر و هۆشیانەوە كار بە كۆمپیوتەر و مۆبایلە زیرەكەكان بكەن .
ماسك دەڵێت: هەوڵ دەدەن سەرەتای ساڵی داهاتوو یەكەم نەخۆشیان بۆ تاقیكردنەوەی چاندنی ئەو جۆرە ئامێرە لە مێشكی ئامادە بێت .
ماسك ئومێد دەكات نەشتەرگەری چاندنی ئەو جۆرە ئامێرانە لەمێشكی مرۆڤدا ، بەهەمان ئاسانی نەشتەرگەری چاوبێت كە بە تەكنیكی لیزیك ئەنجام دەدرێن .
زانایان دەلێن: تەنانەت ئەگەر تەكنەلۆژیای پێویستیش بۆ چاندنی ئەو ئامێرانە لەبەردەست دابێت ، هێشتا هەندێ سەختی دەمێنێتەوە كە پەیوەستە بە میكانیزمی چۆنێتی داخڵكردنی ئەو تەنۆكانەی تەكنەلۆژیای نانۆ بەشێوەیەكی سەلامەتانە بۆ ناو مێشك.
وەرگێران: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی