دەسەڵاتەكانی ئاشتی هەورامی وەك یاریدەدەری مەسرور بارزانی دیاریكرا

کوردستان

21/07/2019‌ 938 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی فەرمانێكی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ئاشتی هەورامی وەك یاریدەدەری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كاروباری وزە دەستبەكاربووە

لەفەرمانەكەدا، كە واژووی مەسرور بارزانی لەسەردراوە بڕیاردراوە بەراسپاردنی :عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵڵا" ناسراو بە ئاشتی هەورامی بەپۆستی یاریدەدەری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە دانراوە.

هەر لەفەرمانەكەدا دەسەڵاتەكانی ئاشتی هەورامی دیاریكراوە، كە بریتین لە بەدواداچوون‌و جێبەجێكردنی بڕیارو راسپاردەو سیاسەتەكانی حكومەتی هەرێم لە بواری نەوت و غاز، ئەوەش بەپێی بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران.

هەروەها پێشكەشكردنی راسپاردە بە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لە بواری وزەو هەماهەنگیكردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی بواری وزە لەحكومەتی هەرێمی كوردستان‌و ئەنجامدانی ئەو ئەركە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا

هاوكات جێگرەكە دەتوانێت لە كۆبوونەوەكانی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و غاز بەپێی مادەی چوارەم لەیاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان ئامادەبێت‌و بەشداری داڕشتنی بەرنامەی كۆبوونەوەكان بكات.

تەواوی دەسەڵاتەكان بە پێی مادەی شەش و مادەی چواری یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان پێی دراون.

هـ ـ ـ ح