داوا لە پەرلەمانى کوردستان دەکرێت بەدواداچوون بۆ زانیارییەکانى قایمقامى پێنجوێن بکات

کوردستان

01/08/2019‌ 831 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

پەرلەمانتارێکى پەرلەمانى کوردستان داواى بەدواداچون لەو شتومەک و کەل و پەلانە دەکات کە لە مەزرى باشماخەوەو لە سنورى قەزاى پێنجوێنەوە هاوردەى هەرێم دەکرێن.

 

سۆران عومەر ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى کۆمەڵى ئیسلامى نوسراوێکى ئاراستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان کردوەو تیایدا داواى کردوە" لیژنەکانى دارایی و پیشەسازى و بارزگانى و پێشمەرگەو ئاسایش و ئەنجومەنە خۆجێییەکان بەدواداچوون بۆ وتەکانى قایمقامى قەزاى پێنجوێن بکەن کە باسى لە هاوردەکردنى کەل و پەلى بەبێ ئەوەى گومرگ بکرێت.

 

لەماوەى رابردوودا  زانا ڕەحمان قایمقامی پێنجوێن رایگەیاندبوو، لە مەرزی باشماخەوە کەسانی دەستڕۆیشتوو بەشێوەی نایاسایی، کەلوپەل و کەرەستە دەهێننە کوردستانەوەو بە دەیان چەکدار وەکو پاسەوان دەخەنە شوێن ئەو بارانەی بە نایاسایی دەیانهێنن.

 

هەروەها ئاماژەى بەوەشکردبوو، نە حکومەت و نەئاسایش دەستیان بەسەر ئەو کەسانەدا ناڕوات کە بە قاچاخ و نایاسایی کۆنتێنەر دەهێنن و کەس نازانێ چییان تێدایە، ئەوەی ئێستا هەیە لە سەردەمی شپرزەیی و بێ حکومەتیی سەرەتای ساڵانی نەوەدەکان و بەرەی کوردستانییشدا نەبووە.

س.هـ