دوای دانپێدانانی "پشیلەكان".. دادگاییكردنی بانگخوازەكەی توركیا دەستپێدەكات

جیهان

02/08/2019‌ 4786 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر دەستگیركردنیدا، دادگای تاوانكاری باڵای ئەستەمبوڵ، لیستێكی تۆمەتی ئاراستەی "عەدنان ئۆكتار" بانگخوازی توركی بەناوبانگ‌و 226 گۆمانلێكراوی دیكەدا كرد، كە 105 كەسیان ژنن.

لە یۆلیۆی ڕابردوو، ئاسایشی توركیا "عەدنان ئۆكتار" ی ناسراو بە "هاڕوون یحیا"ی دەستگیركرد، ئەمەش لەمیانەی كردەیەكی ئەمنی، كە لە 5 ویلایەتی توركیا دەستیپێكرد بۆ دەستگیركردنی ناوبراو و شوێنكەوتووانی بە تۆمەتی جۆراوجۆر.

تا ئێستا 171 تۆمەتبار لەبەندیخانەی "سیلفیری" دەستگیركراون، هێشتاش هێزە ئەمنییەكان بەدوای تۆمەتبارانی دیكەدا دەگەڕێن، كە خۆیان شوێنبزر كردووە.

میدیاكانی توركیا لەسەر زاری "نووسینگەی داواكاری گشتی بۆ كاروباری تیرۆر و تاوانی ڕێكخراو"‌ بڵاویانكردەوە، لێكۆڵینەوە تاوانكارییەكانی دۆسییەكە لە لیستێكدا تۆماركراون، كە 4000 لاپەڕەیە.

دادگای تاوانكاری باڵای ئەستەمبوڵیش بڕیاریدا لە ڕۆژی 7 ی سێبتێمبەر ئایندە بۆ ماوەی 44 ڕۆژی بەردەوام دانیشتنەكانی دادگا بەڕێوەدەچن.

بانگخوازە ئیسلامییەكە لە پرۆگرامە تەلەفزیۆنییەكاندا دەردەكەوت، كە بنەما و بەهاكانی لێبووردەیی ئاینی ئیسلامی بۆ سەماكەر و هونەرمەندانی ورژێنەر شیدەكردنەوە، كە جلوبەگی ورژێنەریان لەبەردابوو، چەندەها شوشەی "مەی" یان لەبەردەم دابوو.

لیستی تۆمەتەكان ئەوەی تێدایە، كە ئۆكتاری بانگخواز تەگبیرسازی ئەو دۆسییەیە و 13 كەسی دیكە وەك بەرێوەبەر كاریان بۆ كردووەو گوێڕایەڵی بوون، 226 كەسی دیكەشیان تۆمەتبارن بە هەوڵی سیخوڕی سیاسی و سەربازی و ئەندامبوون لەڕێكخراوی تاوانكاری، 24 كەسیشیان تۆمەتبارن بەدۆسییەی تاوانكاری، 125 سكاڵاش دژ بەو تۆمەتبارانە لەلایەن قوربانییانەوە‌‌ پێشكەشی دادگا كراون.

ئۆكتارو شوێنكەوتووانی تۆمەتەكانی "قۆزتنەوەی سێكسی منداڵان، دەستدرێژی سێكسی، ڕاگرتنی منداڵان، فرتووفێڵ و تەڵەكەبازی" یان دراوەتەپاڵ.

ئەو گروپە تۆمەتی دیكەی وەك " قۆزتنەوەی هەستەكان و باوەڕە ئاینییەكان لە پێناو فرتوفێڵ و هەڵخەڵەتاندن، بەزاندنی ڕێزداری ژیانی تایبەت، ساختەكاری، سەرپێچی یاساكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" یان دراوەتەپاڵ.

بەگوێرەی زانیاری كەناڵی سكای نیوز، كە لە ڕۆژنامە توركییەكانەوە وەریگرتووە، هەندێك لەو كچانەی لای ئۆكتار كاریان كردووە، كە بە " پشیلەكانی عەدنان ئۆكتار" ناسراون، ئاشكرایان كردووە، كە دەستدرێژی كراوەتەسەر مافەكانیان.

كچێكیان بە ناوی "غۆلغون غۆكتان" دانی بەوەدا ناوە، كە لە شوێنكەوتووانی ئۆكتانە و‌ لە هەمووشیان زیاتر تووشی ئەشكەنجە و لێدان بووەتەوە، وتوویەتی "ئۆكتان بە مست لێیداوە، چونكە هەندێكجار شكستیهێناوە لە دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی تایبەت بۆیان، ئەمەش لەبەر ئەوەی‌ ئۆكتان داوای كردووە ئاوەكە لە دەوروبەری 20 پلەی سەدیدا بێت‌و بۆ ماوەی 7 خولەكیش كوڵێنرا بێت".

ژنێكی دیكەش  بە ناوی (سیڵدا ئیناڵ) وتویەتی: تووشی بێڕێزی دیكە بووەتەوە، ناچاریش كراوە بۆ ماوەی چەند ڕۆژێك بەرگی كارەكەرەكان بپۆشێت.

"پشیلەكان" دەڵێن: عەدنان ئۆكتار زۆر گرنگی بە پلەی گەرمی دەدا، داوای لەكچەكان كردووە چەند خولەكێك پێش نووستن، بە قژ وشككەرەوە جێگەكەی بۆ گەرم بكەن.

هەروەها سەرچاوە دادوەرییەكان باس لەوە دەكەن، كە لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات، نزیكەی 200 كەس سكاڵایان دژ بە عەدنان ئۆكتارو گروپەكەی كردووە، لەوانەش كەسانێكی هۆڵەندی و ئەڵمانی و نەمساوی و قەتەری و ئازەربەیجانی و كازاخستانییان تێدایە.

ئۆكتار لە تەلەفزیۆنی (ئەی9 تی ڤی) لە ئەستەمبوڵ بەرنامەكەی خۆی پێشكەش دەكرد، كە بووە جێگەی دەمەتەقێیەكی گەورە، دواتر ئەنجوومەنی باڵای ئێستگە و تەلەفزیۆنەكانی توركیا فرمانی وەستاندنی بەرنامە ئاینییەكەی ئۆكتاری  دەركرد و بڕی 5% سەرپێچی نرخی ڕیكلامەكانی بەسەردا سەپاند. 

لەزۆر لە بەرنامەكان ئۆكتار لەگەڵ كچە ورژێنەرەكاندا سەمای دەكرد، عەلی ئەراشی سەرۆكی كاروباری ئاینی توركیش وا وەسفی ئۆكتار دەكات، كە كەموكوڕی ئەقڵی هەیەو وتیشی: ئەو دەسەڵاتەی بەرنامەكەی ڕاگرتووە ئاینی نییە و دامەزراوەیەكی تایبەتمەندی دیكەیە.

لە بەرنامەیەكی ئەو بانگخوازەدا كوڕ و كچان سەما دەكەن و ئۆكتاریش خەریكی شیكردنەوەی دەقە قورئانییەكانە، ئەنجومەنی تەلەفزیۆنەكانی توركیاش رایگەیاندووە، ئەو بەرنامەیەی ئۆكتار دژ بە یەكسانی نێوان دوو ڕەگەزەكەیە و هانی سەركوتكردن و ئازاردانی ژنانیش دەدات.

ئۆكتار لە ساڵی 1980 لە ڕێگەی كۆمەڵەیەكی ئاینی بچووكەوە و لە كاتی خوێندنی لە زانكۆی ئەستەمبوڵ، زۆر شوێنكەوتووی بۆ خۆی پەیدا كردن، ئەو كات بانگەشەی ئەوەی دەكرد دژ بە ماسۆنییەت و شیوعییەتە، پەرتوكێكی 550 لاپەڕەییشی نووسی، كە تێیدا دەڵێت: جولەكە و ماسۆنییەكان دزەیان كردووەتە ناو دامەزراوەكانی دەوڵەتی توركیاوە تاوەكو ڕوح و ئاكاری ئاینی گەلی توركی تێكبدەن.

 ئۆكتار تۆمەتبار كرا‌ بە دنەدانی بەرپاكردنی شۆڕشێكی ئاینی، بۆیە 19 مانگ بەند كرا، لەو 19 مانگە، 10 مانگی لە نەخۆشخانەیەكی دەروونی بەسەر برد، لەوێ دۆخی تەندروستی بەوە وەسف كرا، كە تووشی نەخۆشی پێتپێتی ناچاری (وەسواس قەهری) و شیزۆفرینیا بووە، كەچی دوای ئازادكردنی شوێنكەوتووانی زۆر گەشەیان كرد، كە گروپەكەی ئۆكتای دژایەتی "بیردۆزەی پەرەسەندن و داروینزم" یشیان كردبوو بە‌ دروشمی خۆیان.

سەرچاوە: ئەحوال توركیا 
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر