جیهانی بێ رێككەوتن.. هەموو ئەوروپا لەژێر هەڕەشەی موشەكە ئەتۆمییەكانی روسیا دایە

جیهان

05/08/2019‌ 1788 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی هەڵوەشانەوەی رێككەوتننامەی موشەكەكان "دەكرێت هەموو ئەوروپا موشەكباران بكرێت"، ئەوە ناونیشانی راپۆرتێكی (سیرگی فالتشینكۆ ولیلیانا ئۆتیمیشیفا)یە، كە لەگۆڤاری (مۆسكۆ فسكی كومسومولیتس)، دەربارەی مەترسییەكانی كۆتایی هاتنی كاركردن بەپەیماننامەی رۆكێتی بڵاویكردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، گرنگترین بەڵگەنامە لەبواری چەك داماڵینی ئەتۆمی، واتە خۆ رزگاركردن لەرۆكێتە ناوەند و كورت مەوداكان هەڵوەشاوەتەوە، كە واژووكراو لەلایەن گورباتشۆف و ریگان لە ساڵی 1987‌و رۆژی 2ی ئابی 2019 لەكاركەوت.

لەو بارەوە شارەزایان بۆچوونی جیاوازیان هەیە، تەنیا لەسەر ئەوە هاوڕان، كە جیهان لە ئارامیدا نییە، چونكە كشانەوە لەپەیماننامەكە دەرگا بەڕووی ئەمریكادا دەكاتەوە رۆكێتی كرۆزی ناوەند مەودا و رۆكێتە ئەتۆمییە بالیستییەكانی پەرە پێبدات و لە ناوچەكانی نزیك سنووری روسیا جێگیریان بكات، وەك وڵاتانی بەلتیق و پۆلەندا.

ئەو رۆكێتە بالیستییانە توانای ئەوەی هەیە لە ماوەی 2 بۆ 4 چركەدا بگاتە مۆسكۆ، لەم دۆخەدا هیچ شتێك لەبەرانبەر سوپای روسیادا نامێنێتەوە جگە لەوەی لە ماوەیەكی كورتدا هەڵسەنگاندن بۆ هەرەشەكان بكات و ئامادە بێت بۆ وەڵامدانەوەی گورزێك.

لەو بارەیەوە، گۆڤارەكە داوای لێدوانی لە سەرۆكی دەستەی ئەفسەرەكان و قارەمانی روسیا لیوا (سیرگی لیبوف) كردووەو لە وەڵامدا وتویەتی: كشانەوەی ئەمریكا لە پەیماننامەكەدا لەساڵی 2019 رێكارێكی رووكەشییە، چونكە پێش ئەوەش بەهیچ شێوەیەك پێوەی پابەند نەبووە.

بەپێی بۆچوونی ئەو بەرپرسە روسییە، لە پشت كشانەوەكەوە ئەمریكا نیازی هەیە روسیا رابكێشێتە پێشبڕكێی خۆ پڕ چەككردنەوە، سەرەرای دەمكوتكردنی چین، بەوەی پەكین لەئێستادا توانای ئەوەی هەیە كەشتییە ئەمریكییەكان‌و ژێر خانی سەربازی واشنتۆن لەدەریای باشووری چین تێكبشكێنێت لەبەر ئەوە، ئەمریكا پێویستی بەوە هەبوو لە پەیماننامەكە بكشێتەوە بۆ ئەوەی رۆكێتە ئەتۆمییەكانی و كۆسیستەمەكانی دژە رۆكێتی لەناوچەی ئاسیای زەریای هێمن بڵاوە پێ بكات، لە نێویاندا ژاپۆن.

لەهەمان كاتدا، لیبۆف هیوا دەخوازێت واشنتۆن بەدانایی هەنگاو بنێت و دۆخەكە نەگەیەنێتە جەنگی رۆكێتی ئەتۆمی لە نێوان خۆی و روسیادا. لەو بارەیەوە ئەفسەرە روسییەكە وتی: بەنیسبەت وەڵامی ئێمەوە، كۆپیەكی زەمینی رۆكێتی كالیبەری دەریایی درێژ مەودا دروستكراوە، جگە لە رۆكێتەكانی سەروو دەنگ. 

هەروەها باسی لەوەش كردووە، كە تەكنیكەكانی سەردەمی سۆڤیەت لەگەڵ واقیعی ئێستادا دەگونجێرنێت، بەمەش دەتوانرێت هەموو ئەوروپا بە ئامانج بگیرێت، بە گوزارشتێكی تر روسیا توانای وەلامدانەوەیەكی گونجاوی هەیە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا