ترامپ لەسیاسەتەكانی بەرانبەر روسیا "لەناڵیش دەدات‌و لەبزماریش"

جیهان

08/08/2019‌ 780 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"پێشەكی‌و نرخی هاوڕییەتی، سزا و پێشبڕكێی خۆپڕچەككردن، لەژێر ئەم ناونیشانەدا سێرگی ستروكان و كیریل بلیانینۆف لە (كۆمیرسانت) راپۆرتێكی دەربارەی دژیەكییەكانی زۆر لە لێدوانەكانی دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا سەبارەت بە روسیا و هەڵسوكەوتی ئیدارەی ئەمریكا و بڕیارەكانی بڵاویكردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكە، لە كاتێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سزای نوێی بەسەر روسیادا سەپاند بەهۆی كێشەی سكریبال، سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ رایگەیاند، بەربەستەكانی بەردەم دروست بوونی پەیوەندییەكی باش لەگەڵ مۆسكۆ نەما، دوای كۆتایی هاتنی لێكۆڵینەوەكانی لێكۆڵەر مۆلەر، هەر لەو كاتەدا، ئەمریكا بە شێوەیەكی كۆتایی لەپەیماننامەی رۆكێتی ناوەند و كورت مەودا كشایەوە، پێش ئەوەش بەرۆژێك، ترامپ پەیوەندی بە ڤلادمێر پۆتینی سەرۆكی روسیاوە كردو هاوكاری بۆ خستە روو لەكوژانەوەی ئاگری دارستانەكانی سیبریا.

فیدۆر فویتولوفسكی، بەرێوەبەری پەیمانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتی و ئابووری جیهانی سەر بە ئەكادیمیای زانستی روسی لەئاماژە دژیەكەكانی كۆشكی سپیدا وای دەبینێت، كرۆكی تەكیتك، كە خۆی لە فشار خستنە سەر لایەنەكەی تردا دەبینێتەوە بە شێوەیەكی زۆر توند، پاشان كشانەوەی هەنگاوێكی بچووك بۆ بەدەستهێنانی مامەڵەیەك بە باشترین مەرج. 

بەقسەی ئەو لێكۆڵەرە، ترامپ هەوڵ دەدات ئەم بنەمایە جێبەجێبكات لەگەڵ وڵاتە جۆراوجۆرەكان، ئەمە لە بواری بازرگانیدا دەكرێ سەركەوتوو بێت، بەڵام لە دیبلۆماسیەتدا ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت.

بەگوێرەی فۆیتۆلوفسكی، سیاسەتی ئیدارەی ترامپ لە بەرانبەر روسیا سێ ئاراستەی وەرگرتووە، یەكەم، پارێزگاری كردن لەسەر فشارو چەندین جار زیاد كردنی لەبواری دارایی و ئابووری، دووەم: راكێشانی روسیا بۆ ناو ململانێیەكی سەربازی و تەكنەلۆجیای تاقەت پڕوكێن، لەگەل دەستبەرداربوونی ئەمریكا لە پابەندبوونەكانی لە خۆپڕچەككردن، سێیەم: رێگرتن لەروسیا بۆ ئەوەی دەربارەی كێشەكانی ئەمنی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی پێشەنگ گفتوگۆ نەكات، سنورێكیش بۆ گەشەی هاوكاری ئابوروی نێوان روسیا و یەكێتی ئەوروپا دابنێت. 

لەو بارەیەوە ئەو توێژەرە دەڵێت: هیچ هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی بڕوا وابێت واشنتۆن واز لە هیچ خاڵێكی ئەم سێ ئاراستەیە دێنێت.

هەرچی پرۆفیسۆر ئەنتون فیدیاچینە لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن پێیوایە، ماوەی سێ ساڵە ، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا بارمتەی نێوان كۆنگرێس‌و مەزاجی سەرۆك بووە، لەلایەكی پێویستە لەسەر دۆناڵد ترامپ ئەوە بسەلمێنی، كە زۆر توندوتیژە بەرانبەر روسیا لە چاو سەرۆكەكەی پێش خۆی، لەلایەكی ترەوە، كۆنگرێس ناتوانێت لە ئالوگۆرەكانی ئێستای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی ناوخۆ تێبگات، لەبەر ئەوە لە جیاتی چارەسەركردنی كێشەكان بە رێگەی دیبلۆماسی پەنا بۆ سەپاندنی سزا دەبەن.

بەگوێرەی بۆچوونی ناوبراو، پەیوەندی نێوان روسیا و ئەمریكا لەئایندەدا وەك خۆیی دەمێنێتەوە، ئەگەر سەرۆكێكی نوێش بێتە سەر دەسەڵات لە ئەمریكا.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا