بنیامین ناتانیاهۆ لە ژێر دەسەڵاتی روسیا لەسوریا دەردەچێت

جیهان

11/08/2019‌ 2704 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیۆبوف شفیدۆنا لەگۆڤاری (سفوبودنایا پریسا) راپۆرتێكی دەربارەی واز هێنانی ئیسرائیل لە هەماهەنگیكردنی پرۆسەكانی لەسوریا لەگەڵ روسیا نووسیوەو بەو پرسیارە دەستیپێكردووە، كە ئایا ئەمە دەكرێت؟

بەپێی راپۆرتەكە، لەم رۆژانەی كۆتاییدا، دەزگاكانی راگەیاندنی روسیا هەواڵیكیان بڵاوكردەوە بەوەی ئیسرائیل لەئایندەدا داوای یارمەتی لە روسیا ناكات بۆ هێرشكردنە سەر سوریا. 

هەر بەپێی راپۆرتەكە، دەوترێت تەلئەبیب رێگە نادات پرۆسە سەربازییەكانی ئایندە لە میدیاكانی روسیاوە بڵاوبكرێتەو، هۆكارەكەی چییە؟ زۆر ئاسانە، ئەویش بوونی حزب الله یە، كە هێزەكانی لەسەر سنووری رۆژئاوای سوریا كۆكردووەتەوە و لەسەرجەم شوێنەكانی تر پاشەكشەیان كردووە، ئێستاش بوونیان لەو شوێنەدا هەستێكی خراپی لای سەركردەكانی دەوڵەتی یەهود دروست كردووە.

رۆژهەڵاتناس (ئۆلیگ غوشین) وایدەبینێت، ئیسرائیل هۆكاری تەواوەتی هەیە بۆ ئەوەی نیگەران بێت، یەكێك لە ئامانجە سەرەكییەكانی حزب الله بریتییە لە رووبەرووبونەوەی ئیسرائیل و دەڵێت: حزب الله بەردەوام بوونی ئێرانە، لەبەر ئەوە، ئەوەی تەل ئەبیب دژی ئەنجامی دەدات دژی ئێرانە، پێچەوانەكەشی راستە، كە ئەوەی حزب الله دژی ئیسرائیل دەیكات وەك ئەوە وایە ئێران ئەنجامی بدات.. لەبەر ئەوە، بەلای بنیامین ناتانیاهۆوە تەنیا دوورخستنەوەی ئێرانییەكان لەسەر سنوور بەس نییە، بەڵكو حزب الله ش داواكراوە، بە شێوەیەكی گشتی پرسی حزب لله زۆر ئاڵۆزە بەلای سوریا و ئیسرائیلەوە.

لەراپۆرتەكە ئەوەش هاتووە، كە وەك دەبینین دیمەشق دەیەوێت لە ئایندەدابچێتە قۆناغی ژیانێكی ئاشتییەوە، ئەگەر ئەو رۆژەش بێتە پێشەوە نموونەی ئەم گروپانە مانەوەیان دەبێتە ئاستەم. 

لێرەدا دوو رێگا هەیە، یان ئەوەیە حزب الله بچێتە دەرەوە، یان ببێتە هێزێكی سیاسی ئاسایی، هیچ ئامرازێكی تر نییە.. هەروەها دیمەشق پڕە لەو گروپە توندرەوانەی بەردەوام هێرش دەكەنە سەر ئیسرائیل، ئەمەش مانای ئەوەیە هێرشەكان بۆ سەر سوریا بەردەوام دەبێت بەبێ كۆتایی هاتن.. ئیسرائیل و سوریا پێویستیان بەوەیە ناوچە سنوریەكان بگەڕێننەوە دۆخی پێش بەرپابونی جەنگ، بەلای تەل ئەبیبەوە سنوری ئیسرائیل لەگەڵ سوریا سەلامەتترین شوێنە بۆ ئەو ولاتە.

ئەو رۆژهەڵاتناسە ئەوەش دەڵێت: بەڵام بڕوام وانییە ناتانیاهۆ بە فیعلی روسیا پشتگوێ بخات، هەر بە سانانیی ئەمە روو نادات بەبێ ئاگاداركردنەوە.. پێش ئەوە رووداوی كەوتنە خوارەوەی فرۆكە روسیەكەمان بینی و هێرشەكان بۆ سەر سوریا زیاتر بوون، ئەمە لۆجیكیە، بەڵام بە دلنیایەوە ئاگاداریی هێزەكانمان دەكەنەوە، هەروەك پێشوتر كردویانە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا‌