هەندێك گۆرانكاری لەپێستدا ئاماژەیە بۆ گەشەكردنی جۆری دووەمی شەكرە

تەندروستی

13/08/2019‌ 1534 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
رەنگە دەركەوتنی هەندێك پەڵە لەسەر پێست و بۆنی ناخۆش و خورانی پێست ئاماژە بن بۆ گەشەكردنی جۆری دووەمی نەخۆشیی شەكرە .

بەگوێرەی پێگەی Express ، پزیشكە بەریتانیاییەكان دەڵێن: دەركەوتنی هەندێك گۆرانكاری دیاریكراو لە پێستدا ئاماژەگەلێكن، كە دەكرێت لەڕێگایەوە گەشەكردنی جۆری دووەمی شەكرەی لای كەسەكە پێ دیاری بكرێت.

وەكو زانراوە گەشەكردنی جۆری دووەمی شەكرە پەیوەستە بەنەتوانینی پەنكریاس بۆ دەردانی بڕی پێویستی ئەنسۆلین بۆ كۆنترۆڵكردنی ئاستی شەكر لەخوێندا ، لەبەر ئەوە لەكاتی تووشبوونی كەسێك بەنەخۆشی شەكرە ، دەبێت كەسەكە بەدرێژایی ژیانی ئاگاداری كۆنترۆڵكردنی ڕێژەی شەكری ناو خوێنی بێت ، لەبەر ئەوەی بەرزبوونەوەی دەبێتە هۆی تووشبوون بەنەخۆشییەكانی دڵ و بۆڕییەكانی خوێن و زیادبوونی مەترسی جەڵتەی مێشك .

پزیشكە بەریتانیاییەكان جەختیانكردووەتەوە یەكێك لە نیشانەكانی گەشەكردنی جۆری دووەمی نەخۆشی شەكرە دەركەوتنی پەڵەیە لەسەر پێست، بەشێوەیەك دەتوانرێت تێبینی پەڵەی رەنگ تاریك لەسەر پێستی ناوچەكانی گەردن و بن باڵ ورانەكان و نێوان پەنجەكان بكرێت ، جگە لەوەی گەشەكردنی نەخۆشییەكە دەبێتە هۆی ئەوەی پێست بۆنێكی ناخۆش دەربكات و هەندێ جار تووشی خوران دەبێت .

ئەگەر ئەو نیشانانە دەركەوتن و هەستی تینوێتی بەردەوام و میزكردن و لاوازبوون و لەدەستدانی كێش بی هۆكارێكی دیاریكراوی لەگەڵ بوو ، ئەوە گومان هەیە نەخۆشییەكە بووبێتە راستی .

هەروەك شارەزایان دەڵێن: ڕێگای راست بۆ ڕێگری لە بەرزبونەوەی ئاستی شەكر لە خوێندا بریتییە لە پەیرەوكردنی سیستەمێكی خۆراكیی كە ریژەی شەكر و خوێی كەم بێت ، جگە لە كردنی راهێنانە وەرزشییەكان بەشێوەیەكی بەردەوام و ڕێكوپێك .

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی