״ساختەكارییەك״ لەبودجە ئاشكرادەبێت‌و پەنجەی تۆمەتیش بۆ فوئاد حسێن ڕادەكێشرێت

عیراق

21/08/2019‌ 4748 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زیاتر لە 70 واژوو لە‌پەرلەمانی عێراق كۆكراوەتەوە بە ‌مەبەستی لێكۆڵینەوە‌و لێپرسینەوە لە فوئاد حسێن، وەزیری دارایی بە ‌تۆمەتی دەستكاریكردنی كۆپییەكی بودجەی 2019ی عێراق و ئەنجامدانی ساختەكاری تێیدا، كە لە ‌نێوان پەرلەمان و ئەنجوومەنی وەزیراندا ئەنجام دراوە.

ئەو پرسە ماوەیەكە پەرلەمانی عێراقی سەرقاڵ كردووە بەتایبەت، كە ئەو تۆمەتی ساختەكارییەی ئاڕاستەی فوئاد حسێن دەكرێت ‌و پەیوەندیدارە بە بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانەوە.

حەنین قەدۆ، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بەژمارەی ئەمڕۆ چوار شەممەی «ئاژانس»ی راگەیاندووە «لە بڕگەی یەكەمی ماددەی 10ی یاسای بودجەی 2019ی عێراقدا هاتووە كە پێویستە شایستە داراییەكان له ‌نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بۆ ساڵانی 2004 بۆ 2018 پاكتاو بكرێت لە پاش ئەوەی وردبینیی بۆ دەكرێت له ‌لایەن دیوانی چاودێریی دارایی عێراقەوە به ‌لەبەرچاوگرتنی پشكی هەرێم و جیاكردنەوەی خەرجیی ساڵانی ڕابردوو».

ئەو راشیگەیاندووە، «بڕگەی دووەمی هەمان ماددە حكومەتی هەرێمی كورستان ناچار دەكات بەوەی 250 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە ‌بكات لە ڕێگەی كۆمپانیای بازاڕگەریی نەوتی عێراقی (سۆمۆ) و داهاتەكەی ڕادەستی حكومەتی ناوەندی بكات، بەڵام ئەو كۆپییەی وەزیری دارایی لە میانی میوانداریكردنیدا پیشانی داوین ساختەكاریی تێدا كراوە، چونكە تێیدا هاتووە، كە پڕۆسەی ناردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام دەبێت بەبێ ئەوەی هەرێمی كوردستان پابەند بێت بە ڕادەستكردنی نەوتەوە، كە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان پەراوێزی لەسەر نووسیوە و لیژنەی دارایی و ئەمیندارییەتی گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانیش ڕەزامەندیی لەسەر داوە«.

حەنین قەدۆ ئاماژەی بەوەش دا، كە لیژنەی دارایی داوای لە سەرۆكایەتیی پەرلەمان كردووە دۆسیەی لێكۆڵینەوە لەسەر  ئەوە بكاتەوە، كە بزانرێت چۆن ئەو ساختەكارییە ئەنجام دراوە و كێش لێی بەرپرسیارە و بۆ ئەوەش 70 ئیمزا لەناو پەرلەمان كۆ كراوەتەوە«.

مشتومڕی نێوان پەرلەمان و حكومەت لەسەر ئەو پرسە بەم دواییە زۆر قووڵتر بووەتەوە و تا ئێستا نازانرێت لەكوێدا ئەو دەستكارییە كراوە، بەڵام پەنجەی تۆمەت بۆ وەزیری دارایی ڕادەكێشرێت.

لەلایەكی تر ڕیاز تەمیمی، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی پەرلەمانی عێراق بە «ئاژانس»ی وت: «ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە ئەو دەستكاریكردنە لە وەزارەتی دارایی ئەنجام دراوە و ماددەكە بە ساختە ناو دەبرێت و ساختەكارییەكەش لەوەدا كراوە كە بەغدا ناچار دەكات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت ئەگەر هەولێر نەوتیش ڕادەست نەكات».

وتیشی: «لە دادگای ئیداری سكاڵای یاسایی لەسەر ئەو كێشەیە تۆمار كراوه ‌و داوا كراوە كە ناردنی بەشە بودجەی هەرێم ڕابگیرێت تا ئەو كاتەی نەوتەكەی ڕادەست دەكات».

ئەو پرسە پێدەچێت كێشەی یاسایی لێ بكەوێتەوە، كە دەرفەتی ئەوەی ڕەخساندووە لێكۆڵێنەوەی یاسایی لەسەر بكرێت.

هەروەها تاریق حەرب، پسپۆڕی یاسایی عێراقی بە «ئاژانس»ی وت: «ئەوەی كراوە فێڵە له ‌دەوڵەت، ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمان دەتوانن لیژنەی لێكۆڵینەوە پێك بهێنن بۆ ئەوەی بزانن ئەو فێڵە لە كوێدا ئەنجام دراوە«.

لە ‌بەرانبەردا پارتی دیموكراتی كوردستان كە وەزیری دارایی لە پشكی ئەوە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەكاتەوە و پێی وایە پڕۆسەكە بە ئامانجگرتنی سیاسییە.

ماجید شنگالی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بە «ئاژانس»ی وت: «ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی وەزیری دارایی دەكرێت سەبارەت بە ئەنجامدانی ساختەكاری لە بودجەدا مەبەست لێی هێرشێكی سیاسییە دژ بە حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی».

ئەو پرسە هەر لە ئێستاوە باڵی كێشاوە بەسەر ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عێراق.

حسێن عیقابی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە «ئاژانس»ی وت: «ئەستەمە پڕۆژەیاسای بودجەی 2020ی عێراق لە پەرلەمان پەسەند بكرێت بەبێ ئەوەی بەغدا و هەرێم لەسەر كێشەی هەناردەی نەوت نەگەنە ڕێككەوتن كە بڕیارە هەردوولا دانوستان لەو بارەیەوە دەست پێ بكەن».

هـ ـ ح