په‌رله‌مانتارێكی پارتی: مانگی داهاتوو ھەرێم و بەغدا دەگەنە رێککەوتن

عیراق

21/08/2019‌ 832 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
په‌رله‌مانتارێكی پارتی له‌ به‌غدا رایگه‌یاند، دانوستانەکانی نێوان ھەردوو حکوومەت لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکاندا بەردەوامن و ژمارەیەک لیژنە دروست کراون بۆ ئەوەی زیاتر وردەکارییەکانی ئەو کێشانەی ھەن.

بەیار دۆسکی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی حزبه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، "دانوستانەکانی نێوان ھەردوو حکوومەت لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکاندا بەردەوامن و ژمارەیەک لیژنە دروست کراون بۆ ئەوەی زیاتر وردەکارییەکانی ئەو کێشانەی ھەن، چارەسەر بکرێن، پێویستیشە دانوستانەکان بەردەوام بن تا ئەوکاتەی دەگەن بە چارەسەرێکی گونجاو و ڕێککەوتنی کۆتایی."

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی لە پەرلەمانی عێراق وتیشی، "ژمارەیەک لیژنە لە ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا دەکەن بۆ ئەوەی پێش ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠ بێتە پەرلەمانی عێراق بگەنە ڕێککەوتن، چونکە ئێمە پێمان وایە بەر لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای بودجە پێویستە لە نێوان ھەردوو حکوومەتدا ڕێککەوتن ھەبێت. من پێشبینی دەکەم لە مانگی ئەیلوولی دابێ ڕێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغدا بکرێت."

لەبارەی ڕادەستکردنی نەوتەوە، بەیار دۆسکی ڕوونی کردەوە، "ھەرێمی کوردستان ھەموو ھاوکارییەکی پێشان داوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، ئامادەییشی نیشان داوە بۆ ئەوەی نەوت ڕادەستی بەغدا بکات، بەڵام پێویستە یاسا و دەستوور لە عێراق جێبەجێ بکرێن، نەک تەنیا نەوت ڕادەستکردن بێت. کێشەی بودجە و نەوت لە ئەولەویەتی دانوستانەکاندایە و ئەگەر بگەنە ڕێککەوتن بێگومان بۆ ساڵی دابێ ھەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە دەبێت و نەوتیش ڕادەست دەکات."
ه.م