پەرلەمانی كوردستان وەزیری دارایی هەرێم بانگێشت دەكات

کوردستان

22/08/2019‌ 1677 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی هەرێم بانگهێشتی پەرلەمان دەكرێت، ئەوەش لە پێناو بەرەو پێشبردنی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی هەرێم، كە بڕیارە بەم نزیكانە رەوانەی پەرلەمان بكرێت.

هێڤیدار ئەحمەد، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان، لەو بارەوە دەڵێـت: هەفتەی داهاتوو رۆژی یەكشەممە ٢٥ی مانگ، سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی و رۆژی دووشەممە ٢٦ی ئەم مانگە، پێش ئەوەی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتی هەرێمی كوردستان لە لایەن وەزارەتی داراییەوە رەوانەی پەرلەمان بكرێت، ئەوان وەك لیژنەی دارایی‌و ئابووری پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، ئاواتی شێخ جەناب، وەزیری دارایی بانگهێشتی كۆبوونەوە دەكەن.

ناوبراو بۆ پێگەی فەرمی پارتی هۆكاری بانگهێشتكردنی وەزیری دارایی هەرێمی روونكردەوە، كە چەند پرسیارێك ئاڕاستەی ناوبراو دەكەن، وەك هۆكاری دواكەوتنی موچە و چۆنییەتی دابەشكردنی و پلان و بەرنامەی حكومەت سەبارەت بە شێوازی دانەوەی پاشەكەوتی موچە، هاوكات بابەتێكی دیكەیش، كە ئەوان بە نیازن لەگەڵیدا گفتوگۆی بكەن، ئامادەكاری و پلانی حكومەتە لەمەڕ پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٠، بەو پێیەی پڕۆژەكە سیاسەتی یەك ساڵی حكومەتە لە رووی ئابووری و سیاسی و كۆمەڵایەتییەوە.

سەرۆكی لیژنەی دارایی‌و ئابووری لە پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوەش كرد، كە دەیانەوێت لەگەڵ وەزیری داراییدا گفتوگۆی ئەو پەیوەندی و رێگایانە بكەن، كە لەنێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا لە رووی رێككەوتنەوە هەیە، دەیانەوێت بزانن وەزارەتی دارایی چ پلانێكی هەیە، هەتا لەگەڵ عێراقدا رێكبكەون.

هێڤیدار ئومێدەواریشە، كۆبوونەوەكەیان ئەنجامێكی باشی هەبێت‌و رایگەیاند، دوای كۆبوونەوەكەش ئەنجامەكەیشی بۆ رای گشتی ئاشكرادەكەن، هاوكات جەختیشی كردەوە، ئەوان هاوكار و پشتیوانی حكومەتی هەرێم دەبن، لە پێناو كابینەیەكی بەهێز و كوردستانێكی بەهێزدا.

هـ ـ ح