شارپرێس:
بهرههم ساڵح، سهرۆك كۆماری عێراق له وتارێكدا رایگهیاند، یادەوەری ئیمام حوسەین داوایان لێدەکات ھەمیشە ڕیزەکانیان یەکبخەن و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەن.
بهرههم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمرۆ دووشەممە لهمیانی بهشداریكردنیدا لە مەراسیمی عاشورا لە مزگەوتنی بەرزنجە، لهیادی شەھیدبوونی ئیمام حوسەیندا رایگهیاند، "یادەوەری ئیمام حوسەین داوامان لێدەکات کەھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە".
وتیشی، "ھەروەک چۆن بینیشمان کە پێکھاتەکانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابئییەکان بەیەکڕیز دژی دڕندەیی داعش وەستانەوە و بەنوێنەرایەتی ھەموو جیھان جەنگان و سەریشکەوتین".
دەقی وتارەکەی بهرههم ساڵح
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان
خوشک و برایانی ئازیز، ماتەمگێڕانی ساڵڕۆژی شەھیدبوونی پێشەوای ئازادیخوازان ئیمام حوسەین سەلامی خودای لێ بێت سەرەتا لەم یادە بە ئازارەدا سەرەخۆشی لە خۆم و لە ئێوە و لەھەموو ئەوانە دەکەم، کە دەستیان گرتووە بە بەھاو و پەیامە پیرۆزە بڵندەکانی ئەو پێشەوا مەزنەوە.
بەرجەستەبوونی کەسایەتی ئیمام حوسەین بەرجەستەبوونی ڕێبەرێکی ناوازەیە لەناو مێژووی ئینسانی و ئیسلامیدا، بوونی ڕێبەرێکە کە سیمبوڵی بەگژداچونەوەی زۆردارییە ھەتا ئەندازەی گیانبەخشین لە پێناوی بەدیھاتنی باوەڕی بەرز و پەیامی نەگۆڕ، کەئەویش بەرز ڕاگرتنی حەق و بەگژداچونەوەی زوڵم و زۆرداری بوو.
لە بەرزنجەی مەڵبەندی ناوداری کوردستان، ناوەندی عیرفان و تەریقەت مەڵبەندی سادات ئیلھامی ئەو پەیامە زیندوەی ئیمام حوسەین بەسەر دەکەینەوە دووبارەی دەکەینەوە کە لەگەڵ خۆیدا شۆڕشێکی بەردەوامی گەورەی فکری بۆ بەدیھێنانی یەکسانی و دادپەروەری لەو بەرەبەیانیەی مێژوەوە بۆ ئێستا بەدیھێنا، شۆڕشێک، کە ھەردەم بەھاکانی لە ناو دڵ و دەرون و بیرکردنەوەدا، بە نەمری دەمێننەوە و لە ئێستاشدا داوامان لێدەکات، لە پێناو بەردەوامبوونیدا، یەکێتی ڕیزەکانی گەلی بۆ ببپارێزین ھەتا لەو سۆنگەیەوە بنیاتنانەوە و چاکسازی و دادپەروەی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و عێراقیش بەدیبھێنین.
یادەوەری ئیمام حوسەین داوامان لێدەکات کەھەمیشە ڕیزەکانمان یەکبخەین و گیانی برایەتی و لێبوردەیی زاڵ بکەین و بەگژ گەندەڵی و زوڵم و زۆرداریدا بچینەوە. ھەروەک چۆن بینیشمان کە پێکھاتەکانی عێراق بە کورد و عەرەب و تورکمان و موسوڵمان و مەسیحی و ئێزیدی و سابئییەکان بەیەکڕیز دژی دڕندەیی داعش وەستانەوە و بەنوێنەرایەتی ھەموو جیھان جەنگان و سەریشکەوتین.
یادەوەری ئیمام حوسەین ھەردەم داوامان لێدەکات کە تێبکۆشین لە پێناو ئازادی و چاکەخوازی و بەخشین و بەخشندەیدا، ھەردەم داوامان لێدەکات بەئەوپەڕی ھۆشیاریەوە رووبەڕووی زوڵم و بێدادی و توندوتیژی بوەستینەوە و ئەو پڕۆژە چاکسازییە بەئاکام بگەیەنین کە لە کەربەلاوە چەخماخەی داو لە ئێستاشدا ئێمە لە پێناویدا لە بەرزنجەی کوردستاندا کۆبووینەتەوە.
سڵاو لە میوانان و زیارەتکاران و ماتەمگێڕانی ئیمامی حوسەین لە سەرانسەری عێراق و جیھان.
سڵاو لە گیانی پیرۆزی ئیمام حوسەین پێشەوای ئازادیخوازان کەیەکماندەخات لەسەر ڕێز و شکۆمەندی بۆ ئازادی و دادپەروەری کۆمەڵانی خەڵکی ئەم نیشتمانە.