روسیا خۆی بۆ داگیركردنی كیشوەری ئەفریقا ئامادە دەكات

جیهان

10/09/2019‌ 2001 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەو ناونیشانەی سەرەوە، گۆڤاری (سقوبودنایا پریسا) راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە دەربارەی ئامانجەكانی فراوانبوونی هەبوونی روسیا لە كیشوەری ئەفریقا.

بەپێی راپۆرتەكە، تەواوی كیشوەرەكە، كەوتووەتە نێو بواری بەرژەوەندییە سیاسیەیكانی كرملینەوە، لەمانگی ئۆكتۆبەردا، شاری سوچی میوانداری لوتكەی (روسیا-ئەفریقا) دەكات، كە سەرۆكەكانی سەرجەم وڵاتان و رێكخراوەكانی كیشوەری ئەفریقا داوایان كردووە.

لوتكەكە لەلایەن ڤلادیمیر پۆتین و سەرۆكی یەكێتی ئەفریقا، هەروەها سەرۆكی میسر عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكایەتی دەكەن.

ئەمە دەستپێشخەری یەكەمە لە رووی قەبارەوە لەسیاسەتی دەرەوەی مۆسكۆدا، كە پێش روسیا، وڵاتی چین شتێكی لەم جۆرەی ئەنجامدا و ماوەی دوو دەیەیە فراوانخوازییەكی ئابووری سەركەوتوو لە كیشوەری ئەفریقا بەدی هاتووە، لە رووی هەناردە كردنی كەل و پەلەوە.

لەو بارەیەوە، بەرێوەبەری ناوەندی توێژینەوەی پەیوەندی روسیاو ئەفریقا و سیاسەتی وڵاتانی دەرەوەی ئەفریقا لە پەیمانگەی ئەفریقای سەر بە ئەكادیمیای زاستەكانی روسیا (یفیگینی كورینیدیاسوف) وتی: لوتكەی داهاتوو لە سوچی (23-25 ی ئۆكتۆبەر) مانای ئەوەیە دەستەژێری روسیا لە روڵی ئەفریقا لە جیهانی نوێدا تێدەگەن. 

هەروەها ونی: لە میانی كاركردنمان لە كیشوەرەكەدا، توانای بەدەستهێنانی ململانێ و ركابەریمان زیاتر دەبێت، لەبوارەكانی دۆزینەوەی كانزا و رەنیوهێنانی، وزەی ئەتۆمی و پەیوەندی لە رێگەی مانگی دەستكرد و چەك و تەقەمەنی، بەشی (روس ئوبورون ئیسكپۆرت) لە هەناردەكردنی چەك بۆ باشوری بیابان گەیشتۆتە 30%.

روسیا رێككەوتنی لەگەڵ 20 وڵاتی ئەفریقادا هەیە دەربارەی بەكارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ئەتۆمی، لەگەڵ میسردا، گرێبەستێك هەیە بۆ دروستكردنی وێستگەیەكی وزەی ئەتۆمی بە وەبەرهێنانی سەرمایەی 29 ملیار دۆلار، هەلیش لەپێشە بۆ بەهێزكردنی پێگەمان لەبازاری هایدرۆكاربۆناتی جیهانی، بەتایبەتی، كارانەوەی بازاڕەكان لەبەردەم كەل و پەلەكانی وزە.

ئەو باسی لەوەش كردووە، بۆ ماوەی دوو دەیەیە لە ئەفریقا بوونمان نییە، لە راستیدا ئەمە قۆستراوەتەوە، چین و هیندو وڵاتە رۆژئاواییەكان لەوێ كار دەكەن، بەڵام ململانێ تایبەتەمەندییەكی حەتمیە بۆ بازاری سەرمایەداری. لەبەر ئەوە وەها تەماشای بابەتەكە دەكەین، كە شتێكی سروشتییە، ئێمە لەداهاتودا كاردەكەین. لەهەمان كاتدا گرنگترین شت ئەوەیە پشت بە لۆجێكی هێز نەبەسترێت لە ململانێكەدا، و پێچەوانە نەبێت لەگەڵ بازاڕدا، یان سیاسەتێكی پیلانگێڕی بێت.

گرنگی ئەفریقا لە رووی سیاسییەوە كامەیە؟
رۆلی سیاسی وڵاتانی ئەفریقا لە گەشەسەندندایە، ئێستا هاوبەشێكی پێویستە لەدووبارە پێكهێنانەوەی دامەزراوەكانی دەسەڵاتی جیهانی. دوای سوریا، لە ئەفریقا ناوی (درامەتی سەرەكی بۆ ئاسایش و سەروەری و دەستوەرنەدان) لە گۆڕەپانی نێو دەوڵەتی لە روسیا نراوە.

سەرچاوە: RT.Arabic
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا