تەقینەوەی كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لە بەشە توركییەكەی قوبرس

جیهان

12/09/2019‌ 512 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
وەزیری دەرەوەی كۆماری باكووری قوبرس كۆردیت ئۆزیرسای رایگەیاند، چەند تەقینەوەیەك كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی روویداوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاگرێك لەناوچەیەكی سەربازی كەوتووەتەوە، بەهۆشییەوە چەند كەسێك بەسووكی برینداربوون .

وەزیری دەرەوەی باكووری قوبرس لە هەژماری تایبەتی خۆی نووسیویەتی، بەهۆی بەردەوامی تەقینەوەكان، كە ناوچەی رۆژهەڵاتی كیرینای گرتووەتەوە ناوچەكە داخراوە، كە شارۆچكەیەكی مێژووییەوەو دەكەوێتە باكووری ئەو شوێنەی گەشتیارێكی زۆری بۆ دەچێت .

ئۆزیرسای بڵاویشیكردەوە، بەداخەوە بەهۆی ئاگرێك لە كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی لە ناوچەیەكی سەربازی لەرۆژهەڵاتی كیرینا زنجیرەیەك تەقینەوەی لێكەوتووەتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی بەرگری توركیا رایگەیاندووە، توانراوە ئاگرەكە بكوژێنرێتەوە، بەڵام هێشتا هۆكاری سەرەكی تەقینەوەكەی ئاشكرا نەكردووە ، بەڵكو تەنیا ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە تیمی لێكۆڵینەوە دەستیان بەكارەكانیان كردووە .

بەپێی ئەو دیمەنانەی كەناڵی "سی ئێن ئێن تورك"یش بڵاویكردووەتەوە تەقینەوە و دووكەڵێكی زۆر لە ئاسمانی ناوچەكە بەرز دەبێتەوە .

لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو توركیا بەزەبری هێز دەستی بەسەر باكووری دوورگەكەدا گرت ،ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ كودەتایەك كە ئەسینا لەپێناو یەكگرتنەوەی دورگەكە لەگەڵ یۆنان رێكیخست .

لە ١٥ی نۆڤەمبەری ساڵی ١٩٨٣ باكووری قوبرس وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ خۆی ناساند ، بەڵام لەوكاتەوە جگە لە توركیا هیچ وڵاتێكی تر دانیپێدا نەناوە.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی