ناوەڕۆكی ڕێككەوتنە سێقۆڵییەكەی خامەنەیی قاسم سلێمانی سەدر

عیراق

13/09/2019‌ 913 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: میدیاكان:
ئامادەكردن‌و وەرگێڕان: لوقمان حاجی قادر

سەرچاوە ئێرانییەكان دەڵێن ڕێككەوتنێكی سێقۆڵی لە نێوان عەلی خامەنەیی موڕشیدی باڵای ئێران و قاسم سلێمانی و موقتەدا سەدری سەرۆكی ڕەوتی سەدر ئەنجامدراوە‌، كە پێویستە ڕووبەڕووی دەستتێوەردانەكانی ئیسڕائیل ببنەوە لە عێراقدا.

ئەمیر موسەوی دبلۆماتكاری پێشووی ئێران لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ یەكێك لە كەناڵە ئاسمانییەكانی عێراق ئاشكرای كردووە، كە ئامانجی چاوپێكەوتنەكەی ئەو سێ سەركردەیە ناردنی پەیامێكی ڕوونە بۆ ئیسرائیل، بەرەی ناوخۆی عێراق و بەرزترین دەسەڵات لە ئێراندا یەكدەستن لە بەرەنگاربوونەوەی تەلئەبیبدا.

موسەوی سەرنجی هەمووانی بۆ ئەوە ڕاكێشا، كە ئەگەر ئەمجارە دەستدرێژی بۆ سەر حەشدی شەعبی، یان سوپای عێراق دووبارەبێتەوە، ئەوا وەڵامدانەوەی حەشدی شەعبی و ئێران جیاوازتر دەبێت، ئەمە پەیامی دانیشتنە سێقۆڵییەكەی ئەو سێ سەركردەیە بوو، كە لەمەودوا دەستی دەستدرێژیكەران كورت دەكرێتەوە.

بەغداد ئەلیۆم بڵاویكردەوە
یوسف كلابی سەركردەی هاوپەیمانی نەسڕ ڕاگەیاند، قسەكردن لەبارەی ئەوەی گوایە حكومەتی فیدڕاڵ بڕی 80 ملیار دۆلار قەرزداری هەرێمی كوردستانە بۆمبێكی دەنگییە و بۆ پەردەپۆشكردنی ئامانجێكی شاراوەیە،‌ كە تێوەگلانی هەرێمی كوردستانە لە بەقاچاخبردنی نەوت.

كلابی وتیشی: مافی هەرێمە ئەوەی پێی خۆشە بیڵێت، مافی حكومەتی فیدڕاڵیشە ئەوەی دەیەوێت بیكات، ئەوەشی روونكردەوە ئەو لێدوانەی حكومەتی هەرێم بۆ داپۆشینی دزینی نەوتە لە‌ بەقاچاخبردنیەتی بۆ‌ دەرەوەی سنور، چ لە كەركوك و چ لە نەینەوا. 

هەروەها وتی: ئامانجی لێدوانەكە ڕادەستنەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانە بە بەغدا، هەرێمی كوردستان گەرەكییەتی بەم قسانە هەناردەكردنی نەوتی دزراوی هەرێمەكەیان بۆ دەرەوە پەردەپۆش بكات، كە بێ ڕەزامەندی حكومەتی فیدڕاڵ ئەنجامیداوە.

ناوبراو ئەوەشی وت لە پەلەمانەوە لە ڕێگەی بودجەی فیدڕالییەوە وەڵامی حكومەتی هەرێم دەدەینەوە بەوەی سامانی عێراق بە یەكسانی دابەش دەكەین.

ئەم قسانەی حكومەتی هەرێم، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا و لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، لەسەر زاری جوتیار عادلەوە كراون كە گوایە بەغدا قەرزداری هەولێرە.

كلابی هەروەها وتیشی: هەموو داتاكانی ئەو پرسەمان بە ئاماری وورد لا دەست دەكەوێت. 

جوتیار عادل وتیشی: موچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەرانی هەرێم بە هۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بووە لە لایەن بەغداوە.

ئەلسەباح ئەلجەدید بڵاویكردەوە
فراكسیۆنی حیكمە بە سەرۆكایەتی عەمار حەكیم ڕایگەیاند، هەوڵەكان بۆ لەكارخستنی عادل عەبدولمەهدی هێشتا زوون، ئەو هەلێكی لەبەردەمدا ماوە، بەردەوامبوونیشی پەیوەستە بە ئەنجامدانی گۆڕانكاری خێرا لەسەر ئاستی خزمەتگوزارییەكان و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، فراكسیۆنەكە ئەوەشی ڕاگەیاند كە بەردەوامن لە پێكهێنانی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆنی گەورەی بەهێز لە هێزە سیاسی و میللییەكان.

جاسم بخاتی پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكە ووتی میكانیزمە دەستورییەكان دەكەینە فشار بۆسەر حكومەت ، چ  بە هۆی ناڕەزاییە جەماوەرییەكان یان چاودێری پەرلەمانی. چونكە ئەمرۆ هەموو هێزە سیاسییەكان، چ ئەوانەی پشتیوانی عەبدولمەهدی بوون و ئەوانەش كە بەرهەڵستكاری بوون، ڕەخنەیان لە ئاستی كاری حكومەت هەیە.

هەروەها وتیشی ئەو دەنگۆییانە ڕاستنین كە میدیاكان سەبارەت بە جێگرەوەی عەبدولمەهدی قسەی لەبارەوە دەكەن. چونكە  هێشتا وویست و باوەری تەواو دروست نەبووە بۆ سەندنەوەی متمانە لە عەبدولمەهدی.

بخاتی ئەوەشی وت: دەبێت عەبدولمەهدی چەند دۆسسیەیەك ڕوون بكاتەوە وەك سرووشتی پەیوەندی هەرێمی كوردستان بە بەغداوە، وە تەقینەوەكانی بارەگاكانی حەشدی شەعبی، هەروەها  جێبەجێكردنی پرۆگرامە حكومییەكەی.
 
عەرەبی جەدید بڵاویكردەوە
 دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكا نەرمی نواندووە لە هەمبەر پێشنیارەكەی ماكڕۆن سەبارەت بە ئێران.

بە گوێرەی ڕۆژنامەی "دەیلی بیست" ئەمریكی، ترامپ نەرمی نیشانداوە لە قبوڵكردنی پێشنیارەكەی ماكڕۆنی سەرۆكی فەڕەنسا، بەو مەرجەی ئێران دووبارە پابەندی وابەستەبوونە ئەتۆمییەكانی بێت.

ڕۆژنامەكە لە ڕاپۆرتێكی ڕۆژی 5 شەممەی ڕابردوو‌دا لەسەر زاری چەند سەرچاوەیەكی نزیكەوە ووتی كە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە مایك پۆمپیۆی وەزیریشەوە، نەر‌میان ‌ بەرامبەر پێشنیارەكەی فەڕەنسا نواندووە.

سەرباری ئەوەی هێشتا تڕەمپ بە پێشنیارەكە ڕازی نەبووە، بەڵام بە گوێرەی سەرچاوەكانی ڕۆژنامەكە لە چەند بۆنەیەكدا ئامادەباشی خۆی بۆ پێشنیارەكە دەربڕیووە كە دوایەمینیان لە لوتكەی حەوت دەوڵەتەكە بوو لە فەڕەنسا.

ڕۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، بەرپرسە بیانییەكانیش پێشبینی ئەوە دەكەن تڕەمپ هاریكاری فەڕەنسا بێت لەو بوارەدا و هەندێك لە سزاكان لەسەر ئێران سوك بكات.

ڕۆژنامەكە ئاماژەی بەوەش داوە كە تڕەمپ لە ئێستادا تاوتوێ ئەوە دەكات لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆڕك لە سێبتێمبەری ئایندە. حەسەن ڕۆحانی سەرۆكی ئێران ببینێت.