عەبدولستار مەجید: قۆناغی خراپی پەیوەندییەكانی كۆمەڵ‌و پارتی تێپەڕی

کوردستان

13/09/2019‌ 593 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدولستار مەجید دەڵێت: ئەو قۆناغە تێپەڕی، كە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ پارتی دیموكرات ساردبوو جا لەبەر هەر هۆكارێك بووبێت.

قسەكانی عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی، كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە لەمیانی چاوپێكەوتنێك بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، باس لەقۆناغی نوێی پەیوەندییەكانی كۆمەڵی ئیسلامی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات.

لەسەرەتای وتوێژەكەدا عەبدولستار مەجید باسی لەسەردانەكەی وەفدی كۆمەڵی ئیسلامی بەسەرۆكایەتی "عەلی باپیر" ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كرد بۆ لای "مەسعود بارزانی" و وتی" سەردانەكە لەچوارچێوەی بڕیاری مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی كۆمەڵ بووە كە لەدوای 30/9 ئێمە پێمان وابوە دۆخی كوردستان چۆتە دۆخێكی جیاوازەوە، پێمان وابووە دەبێت پەیوەندییەكانمان ئاسایی بكەینەوە لەگەڵ ئەو لایەنانەی كە پەیوەندییەكانمان نا ئاسایین یا باش نین، وەلەگەڵ پارتیشدا پەیوەندییەكانمان بەدۆخێكی سارددا تێپەڕیووە، وە لەڕابردوودا ئەوانیش هەندێك دەسپێشخەرییان كردووە، ئەوەش هەر لەو چوارچێوەیە بووە.

هەروەها ئەوەشی وت: سەردانە بەسەرەتایەك بۆ دروستكردنەوە و ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانمان دەبینین ئەنجامەكانیش لەمەودا دەبینین كەهەردولا ڕێك و كۆك بوین لەسەر ئەوەی ئەو قۆناغە تێپەڕی كەپەیوەندییەكانمان ساردبوو لەبەر هەر هۆكارێك بێت بەڵام قۆناغی ئایندەمان هەردولامان بەباشمان زانی كە پەیوەندییەكانمان باش بێت."

عەبدولستار مەجید ڕاشیگەیاند، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كە ئێمە ئەوەمان ڕونكردۆتەوە كە ئێمە ئۆپۆزسیۆنی حیزب و ئەو فراكسیۆنانەش نین كە بەشدارن لەحكومەت و حكومەتیان پێكهێناوە نین، ئێمە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتین، بۆیە ئێمە بەپێی عورفی دەولی دەكرێت هەندێك لەحیزبەكان لە حكومەت بن وە هەندێكیشیان ئۆپۆزسیۆن بن، بەڵام دەكرێت فراكسیۆنەكان باشترین پەیوەندییان هەبێت بۆ بەرژەوەندی گشتی."

ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی جەختی كردەوە كۆبونەوەكەیان لەگەڵ پارتیدا ئیجابی بوە و ڕونیكردەوە" ئیجابی بونەكە ئەوەبوو، یەكەم دیارە، باسی ئەو قۆناغەی ڕابردوو كرا كە جۆرێك لە ساردی هەبوو لەنێوان هەردولامان وە جارجاریش ڕەنگە قسەو لێدوانی توند بەرامبەر یەك وترابێت ئەوە باسكرا كە لەلای هەردولاوە ئەوە كۆتایی پێهێنراوە وە ئەوە قۆناغێك بوو تێپەڕی، وە "جەنابی مامۆستا عەلی باپیر" ئەوەی ڕونكردەوە كە ئێمە ئەگەر ڕەخنەیەكمان گرتبێت بەتوند زانرابێت ئەوا هەر لەدڵسۆزیمان بووە بۆ هەرێمی كوردستان، كاك مەسعودیش باسی ئەوەی كرد، كە وتومانە بۆچی كۆمەڵی ئیسلامی وا نیگەرانە؟ ئایا مەكتەبی سیاسی پارتی شتێكی وایكردووە كە كۆمەڵی ئیسلامی وا توڕە بكات و لێدوان و خیتابیان بەرامبەر ئێـمە واتوند بێت، ئێمە ئومێد دەكەین دوای ئەم دیدارە پەیوەندییەكان بەرەو باشی بڕۆن."


هەروەها ئەوەشی وت: پەیوەندیمان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی پەیوەندییەكی ئاساییە، بە فراكسیۆنی پارتی و گۆڕان و یەكێتیشمان وتووە ئێمە ئۆپۆزسیۆنی حكومەتین نەك هی فراكسیۆن فراكسیۆنی پارتی سەردانیشی كردوین ئێمەش سەردانیان دەكەین."

پێش پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرپرسانی كۆمەڵی ئیسلامی ڕایدەگەیاند، كە چاوەڕوانی سەردانی شاندی پارتیە تا بەرچاوییان ڕون بێت ئایا بەشداری حكومەت دەكەن یا نایكەن؟ بەڵام شاندی پارتی سەردانی كۆمەڵی نەكرد و حكومەت پێكهات، لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا لەو كۆبونەوەیە باسی هۆكاری سەردانی نەكردنی شاندی پارتی-تان لە پارتی پرسی؟

هاوكات ڕەتیشیكردەوە لەكۆبونەوەكەیاندا باسی مەرجەعی كوردستان یا پێكهێنانی ئەنجومەنی باڵای پارتە سیاسیەكان كرابێت، ڕاشیگەیاند" نە لەكۆبونەوەكە نەدوای كۆبونەوە، نە پێش كۆبونەوە بەهیچ جۆرێك باسی ئەو بابەتە نەكراوە تا ئێمەش لەسەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی تاوتوێی بكەین و ڕای خۆمان بڵێین."