ئەردۆغان بەسیستەمی موشەكی پاتریۆت ترامپ "دەلاوێنێتەوە"

جیهان

14/09/2019‌ 818 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند، لەگەڵ دۆناڵد ترامپی هاوتا ئەمەریكییەكەی گفتوگۆیان لەبارەی كڕینی "سیستەمی موشەكی پاتریۆت"ی ئەمەریكی كردووەو لەو بارەیەشەوە گەشبینی خۆشی نیشاندا.

هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، كە پەیوەندی ئەو بە ترامپەوە رەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی كڕینی سیستەمی بەرگری ئاسمانی "ئێس-٤٠٠"ی روسی .

لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز"  ئەردۆغان راشیگەیاند، لەگەڵ هاوتا ئەمەریكییەكەی گفتوگۆیان لەبارەی بابەتی كڕینی سیستەمی موشەكی "پاتریۆت"ی ئەمەریكی كردووە، هیواشی خواست لە پەراوێزی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە هەفتەی داهاتوو بەڕێوە دەچێت لەگەڵ ترامپ كۆببێتەوە .

بەگوێرەی رۆیتەرز، ئەردۆغان ئەوەشی راگەیاندووە، بە ترامپم وت بەچاوپۆشین لەگرێبەستی "ئێس-٤٠٠"، كە بەدەستمانهێناوە، دەتوانین بڕێكی دیاریكراو موشەكی پاتریۆتیش بكڕین.

لەدریژەی قسەكانیدا ئەردۆغان باسی لەوە كردووە، كە ترامپ وەڵامیداوەتەوە، ئایا تۆ جددی لەوەی دەیڵێی؟ منیش گوتم بەڵێ، هەروەها رایگەیاندووە، ئەو بەترامپی وتووە: هەركاتێك ئەوان یەكتریان بینی وردەكاری زیاتر لەو بارەیەوە باس دەكەن .

كڕینی سیستەمی موشەكی ئاسمانی "ئیس-٤٠٠"ی روسی لەلایەن توركیاوە بووەتە جێگای توورەیی و نیگەرانی ئەمریكا، بۆیە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند "ئۆفەری ئەمەریكی بۆ فرۆشتنی موشەكی "پاتریۆت"، كە كۆمپانیای رایسۆن دروستی دەكات چیتر بۆ توركیا بەردەست نییە.

لێدوانەكانی ئەردۆغان بۆ دڵراگرتن و ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئیدارەی ئەمەریكی دوای چەند رۆژێك دێت لە لێدوانی ستیڤن منوچین وەزیری خەزێنەی ئەمەریكا، كە رایگەیاند ئیدارەی ترامپ بیر لەوە دەكاتەوە بەهۆی كڕینی سیستەمی "ئێس-٤٠٠"ی روسی گەمارۆ بەسەر توركیدا بسەپێنێت .ئەو لێدوانەش راستەوخۆ كاریگەری لەسەر بۆرسەی توركیا هەبوو، بەجۆرێك سەنەداتی سیادی توركیا دابەزینێكی بەرجاوی تۆمار كرد.

وەرگێڕان: ئاكۆ عەبدوڵڵا ئاڵی