عەدنان عوسمان: دەبێت گۆڕان بگێڕینەوە بۆ بەهێزییەكەی جارانی

کوردستان

14/09/2019‌ 969 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەدنان عوسمان سكرتێری جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، كە دەبێت بزووتنەوەكەیان بگەڕێننەوە بۆ بەهێزییەكەی جارانی.

قسەكانی عەدنان عوسمان لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی بوو، دوای ئەوەی ئەمڕۆ شەممە بەسكرتێری جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێراو راشیگەیاند، جاران هەموو كەسێك لەرۆشنبیران‌و رۆژنامەنووسان‌و سەرجەم تاكەكانی كۆمەڵگە، هەستی دەكرد، گۆڕان پشتگیری لێدەكات.

هەروەها رایگەیاند، ئێستاش دەبێت هەمان كار بكەنەوە، بەوەی هەموو كەسێك، جا لەناو گۆڕان بێت، یان لەدەرەوەی گۆڕان، هەست بەوە بكات لایەنێك دەیپارێزێت، ئەویش گۆڕانە.

ئەمڕۆ شەممە جڤاتی نیشتمانی ئەندامانی نوێی خانەی راپەڕاندنی گۆڕان‌و رێكخەری گۆڕانی هەڵبژارد، كە عەدنان عوسمان پرۆسەكەی بەسەركەوتوو ناو بردو باسی لەوەش كرد، وەك سەركردایەتی نوێی گۆڕان، كاری هاوبەشی دەكەن، بۆ ئەوەی بەرنامەكانیان جێبەجێبكەن.

سكرتێری گشتی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، لەمیانی قسەكانی باسی لەوانەش كرد، كە رەخنەیان لەگۆڕان هەیەو رایگەیاند، كە خۆشی یەكێك بووە لەرەخنەگرانی گۆڕان، بەڵام ئێستا لەخانەی راپەڕادنەو داواشی كرد، هەموویان كاری پێكەوەیی بكەن، بۆ ئەوەی گۆڕان بگەڕێننەوە بۆ سەر رەوتەكەی خۆی.

هـ ـ ح