ئەگەری هێرشی سەر ئێران.. سعودییە هیچ هیوایەكی بەترامپ نەماوە

جیهان

19/09/2019‌ 2391 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نووسەرێكی سعودی وای دەبینێ لێدوانە جیاوازەكانی سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترامپ دەربارەی هێرشە مەترسیدارەكەی سەر سعودییە بەڵگەی ناجدیەتی هەڵوێستی ئەمریكایە بەرانبەر ئێران.

حەمود تالیب لە وتارێكیدا بەناونیشانی (هاوپەیمانمان نییە جگە لە خۆمان) باسی ئەوەی كردووە شتێكی نیمچە دڵنیایی هەیە، كە هیچ جوڵەیەكی پراكتیكی جدی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و زلهێزەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش بەدی ناكرێت لە پاش هێرشە گەورەو مەترسیدارەكەی سەر شانشینی سعودییە لە رۆژی شەممەی رابردوو.

نووسەرەكە باسی ئەوە دەكات هەڵسەنگاندنەكان بۆ لێدوانە دژ یەكەكانی ترامپ و بەرپرسانی ئیدارەكەی ، هەروەها خودی خۆشی هەمووی پێچەوانەی یەكترین و بووە مایەی ئەم ئەنجامەی ئێستا.

ناوبراو پێی وایە هەڵوێستی ئەوروپاش بەردەوام بەلای بەرژەوەندی ئێراندایە، فەرەنسا و ئەڵمانیا وەك نموونە، بەریتانیاش لە بازنەی ئەمریكادا دەسوڕێتەوەو بە كێشە ناوخۆییەكانییەوە سەرقاڵە و لە كۆتاییدا لەگەڵ ئەمریكا پەنجە مۆر دەكات.

هەرچی روسیاو چینیشە لە هەمان چوارچێوەی یەكێتی ئەوروپادایە و پرسیاری ئەوە دەكات كەواتە كێ مایەوە؟ لە وەڵامدا پێی وایە هیچ كەسێك بە یەكلاكەرەوە دەستوەردان ناكات بۆ وەستاندنی ئێران و هەرەشەكانی لەسەر ناوچەكەو سەرچاوەكانی وزە.

وتارەكە رەخنە لە هەڵوێستی زلهێزەكان دەگرێت و دووپاتیدەكاتەوە ئەو بیروارایانە  رووكەش و سادەن ئەگەر پێیان وا بێت ئەوان گرنگی بە ئاسایشی ناوچەكە دەدەن، ئەوان بە روونی بڕیاریانداوە ئاژاوە لە ناوچەكەدا هەبێت لە میانی بەهاری عەرەبیەوەو لەوێشەوە بیگۆڕن بۆ دووبارە بنیادنانەوەی هاوسەنگی هێز تیایدا، سودمەندیشیان لەوەدایە ئێران بەردەوام بێت لە هەڵكشان بۆ ئەوەی ناوچەكە بەرەو هەلدێر بەرن، ئەگەر بێت و ئێران شوێنكەوتەو بریكاری هەبێت لە ولاتانی عەرەبیدا، ئەوا خودی خۆی یەكێكە لە بریكاری وڵاتە گەورەكان؛ ئەوانەی پلان دادەنێن بۆ مەبەستەكانی خۆیان.

نووسەر گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی، هاوپەیمانەكانی دوێنێ لە ئەمڕۆدا نابنەوە بەوەی جاران، هەڵوێستەكانیان بەوەی لەكێشەكاندا لەگەڵمان دەوەستن رون و ئاشكرایە، ئەمەش تەنیا سعودییە بەتەنیا ناگرێتەوە، بەڵكو كوتلەی كەنداو دەگرێتەوە، كە ئێستا كوتلەیەكی دەرباز بووە لە پرۆژەی ئاژاوەی پێكەوە بەستراو لە رووی ئەمنی و ئابوورییەوە، ئێستا هەرەشەی لێدەكرێت و دەست بۆ گەورەترین و گرنگترین دەوڵەتی نێو كوتلەكە دەبرێت، هۆشداری دەداتە كەسە ژیرەكان لە مەترسیەكی چاوەڕواننەكراو.

سەرچاوە: عكاز
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا